وەزیرەكەی سەدر داوا لە لایەنگرانی رەوتەكەی دەكات سبەی هەینی جارێكی دیكە خۆپیشاندان دەستپێبكەنەوە و بڕژێنەوە سەر شەقامەكان، هاوكات فۆڕمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق پڕبكەنەوە.
ئاوێنه: ساڵح محەمەد عێراقی، كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێكدا بۆ لایەنگرانی رەوتەكەی رایگەیاند، پێویستە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە كاتژمێر5 ی پاشنیوەڕۆی سبەی هەینی بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە چاكسازی.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە لایەنگرانی كرد سبەی هەینی كاتژمێر 5 ی ئێوارە دەست بە خۆپیشاندان بكەنەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەپێناو بەرگریكردن لە یاسا و دەستور و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار داوا لە لایەنگرانیان دەكەن خۆپیشاندان رێكبخەن لە ناوچەی سەوز.