ئەنجوومەنی دادوەریی: دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان نییە
  2022-08-14       459       

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئەمڕۆ یەکشەممە وەڵامی ئەو بانگهێشتەی رابەری رەوتی سەدری دایەوە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رایگەیاندبوو. جەختی لەوەش کردەوە، کە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان نییە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی دادوەریی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دانیشتنی نۆیەمی خۆی لە کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئابی 2022، بەڕێوەبرد و تیایدا کۆمەڵێک بڕیاریان سەبارەت بە ئیشوکاری ئەنجوومەنی دادوەریی داوە و گفتوگۆشیان لەبارەی داواکەی موقتەدا سەدر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق کردووە، کە لەبەرواری 10ی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو.  

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە دوای گفتوگۆ و لێکۆڵێنەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هاوڕا بوو لەسەر خراپیی بارودۆخی سیاسیی عێراق و لادانەکان لە دەستوور و هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکنەهێنانی حکومەت لە ماوەی دیاریکراوی دەستووریدا و وتی: "ئەمەش دۆخێکی قبوڵکراو نییە و دەبێت چارەسەر بکرێت".

بەڵام سەبارەت بە داواکەی رابەری رەوتی سەدر نووسیویەتی، بۆ چارەسەرکردنی سەرپێچییە دەستوورییەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی پێشتر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، پێشنیازی گۆڕینی هەندێک بڕگەی دەستووریان کردووە، پێش دەستلەکارکێشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان. بەڵام ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئەو دەسەڵاتەی نییە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەنجوومەنی دادوەریی داواش لە هەموو لایەنە سیاسی و راگەیاندنەکان دەکات، کە ئەنجوومەنی دادوەری نەگلێنن لە کێشە و ناکۆکییەکانەوە، چونکە ئەو هاوتەریب لە هه‌موو لایەنەکان دەوەستێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×