وەزیرەکەی سەدر نوێترین پەیامی بڵاوکردەوە و تێیدا کوتلەی سادیقون بە “کوتلەی درۆزنەکان” ناودەبات و دەشڵێت، “ئەوە ئێمە بووین شەش وەزیرمان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دوورخستەوە”.
ئاوێنه: لە نوێترین پەیامیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە ساڵح محەمەد عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، “کوتلەی درۆزنەکان دەڵێن ڕەوتی سەدر دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرێت کە لە حکومەتەکانی پێشوودا ئامادەیی هەبووە” وەڵام: بەڵێ، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین و نکوڵی لێناکەین، ئێمە لە پڕۆسەی سیاسیدا وەک عەلی بن یەقتین بووین، بەڵام سودی نەبوو لەگەڵتان، چونکە ئێوە سوورن لەسەر گەندەڵی.
دەشڵێت، لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتی ناگرینە ئەستۆ لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم/ لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییە شەرمەزارکەرە ڕێکنەکەوتین.
دووەم/ بەرەنگاری داگیرکەر بووینەوە کە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی گەندەڵیتان.
سێیەم/ لەکاتی خۆیدا بەشداری ئەنجومەنی حکوممان نەکرد، سەرباری ئەوەی ئێوە لەو کاتەدا سوور بوون لەسەر ئەوەی بەشداری بکەن.
چوارەم/ شەش وەزیرمان بەهۆی گەندەڵی دوورخستەوە.
پێنجەم/ لێپێچینەوەمان لەگەڵ گەندەڵکاران و ئەوانەی گومانی گەندەڵییان لەسەر بوو کرد، ئەمەتان ڕەتکردەوە و گەندەڵەکان هاتنە پاڵتان.
شەشەم/ “کوتلەی درۆزنەکان”.. ئێمە دژی گەندەڵی وەستاوینەتەوە، ئەگەر وا نەبووایە ئێوە لە ڕەوتی سەدر دەرنەدەکران.
حەوتەم/ لەگەڵ داگیرکەدا دانوستانمان نەکرد بۆ ئەوەی لە زیندانەکان دەرباز بین وەک ئەوەی ئێوە کردتان.
هەشتەم/ هەر ناکۆکییەکتان لەنێوانمان هەڵگیرساند، خێرا سەرکردەکەمان هەستا بە هێورکردنەوەی.
نۆیەم/ شوێنکەوتوویی گەورەترین هۆکاری گەندەڵییە، بەڵام سەرگەورەکەتان دەڵێت، “شوێنکەوتووییمان نهێنی سەرکەوتنمانە.
دەیەم/ هێرشمان نەکردەسەر پاڵاوتگەی بێجی.
یانزەیەم/ سەرگەورەتان دەڵێت، “ئەگەر لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بکرایە ئێستا زیندانەکان پڕ بووبوون”، ئەمەش واتە لێپێچینەوەیان لێناکرێت.
دوانزەیەم/ وازمان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هێنا.
سیانزەیەم/ 73 ئەنداممان لە پەرلەمان کشاندەوە تا لەگەڵ گەندەڵییەکانتان ڕێکنەکەون.
چواردەیەم/ ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ پڕکردنەوەی حەزەکانتان بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا ئێمە دەمانەوێت خوێن و ناویان بپارێزین.