عەبدوڵا سەبعاوی کێیە؟
  2022-08-20       2509       
سەدام حسێن

ئا: ئاوێنە

 

عەبدوڵا سەبعاوی لەلوبنان دەستگیر کرا، ئەو لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆلەوە داواکراوە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە لەعێراق.

 

عەبدوڵا سەبعاوی، نەوەی زڕ برایەکی سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوتری عێراقە، کە بەدرێژایی ٣٥ ساڵ فەرمانڕەوای عێراق بون.

 

دەسەڵاتدارانی بەعس، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بەخێڵی ئەلبو ناسرو خەڵکی عۆجەو تکریت‌و کەسوکاری سەدام حسێن بون، ئەگەرچی رۆژگارێک بەوپەڕی لەخۆبایی بون‌و توندوتیژییەوە حوکمی عێراقیان کرد، بەڵام نەخۆیان‌و نەکوڕو نە نەوەکانیشیان چارەنوسێکی ئارام‌و مەرگێکی هێمنانەیان تا ئێستا پێنەبڕاوە.

 

 میدیاکان ڕایانگەیاند، ئاسایشی گشتی لوبنان، عەبدوڵا سەبعاوییان دەستگیرکردوە. ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی تۆمارێکی دەنگی سەعد سەبعاوی ئیبراهیم حەسەن-ی مامی کەسی دەستگیرکراو لەسۆشیال میدیادا ئاشکرا کرا، کە داوای لەڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی عەرەبی‌و نێودەوڵەتیی کرد چارەنوسی عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوی ئاشکرا بکەن، کە لەمانگی حوزەیرانەوە لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانی لوبنانەوە دەستبەسەر کراوە.

 

عەبدوڵا، نەوەی سەبعاوی ئیبراهیمی حەسن تکریتی زڕ برای سەدام حسێنە، سەبعاوی ساڵی 1991 لەسەردەمی جەنگی كەنداو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری گشتیی عێراق بوو، ساڵی 1991 تا 1996 سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی (ئەمنی عام) بوو. پاشان وەكو راوێژكاری سەدام حسێن كاری كرد‌وە.

 

دوای روخانی رژێمی بەعس، سەبعاوی داواکراوی ژمارە 36 بو لەکۆی 55 داواکراوەکەی ئەمریکاو پاداشتی یەك ملیۆن دۆلار تەرخانكرا بۆ هەر كەسێك زانیاریی لەبارەیەوە بدات‌و ببێتە هۆی دەستگیركردنی یان كوژرانی.

 

سەبعاوی لەشوباتی 2005 دەستگیرکراو دادگای باڵای تاوانەكان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، بەڵام بەر لەجێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەتەموزی 2013دا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری بەغدا گیانی لەدەستدا.

 

یاسری باوکی عەبدوڵاش، بەهەمانشێوە، لەساڵی 2005دا بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژیی‌و دابینکردنی دارایی بۆ کردەوەی تیرۆریستی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، پاش هێستنەوەی بۆ ماوەی 13 سال لەبەندیخانەدا، ساڵی رابردو ئازاد کرا.

 

بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی سەعد سەبعاوی، بلاویکردوەتەوە، عەبدوڵا یاسر سەبعاوی، دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003دا، تەمەنی 8 ساڵ بوەو عێراقی بەجێهێشتووەو بەسەردانیش نەگەڕاوەتەوە بەهۆی بێبەشكردنیەوە لەڕەگەزنامەی عێراقی.

 

دوای روخانی رژێمی بەعس، عەبدوڵا لەگەڵ بەشێک لەخێزانەکەیدا رویانکردوەتە وڵاتی یەمەن‌و لەوێ نیشتەجێ بون، بەڵام پاش سەهەڵدانی جەنگی یەمەن‌‌و نائارامییەکانی ئەو وڵاتە، پەنایان بردوەتە بەر وڵاتی لوبنان‌و عەبدوڵا ماوەی چوار ساڵە لەلوبنان دەژی‌و داواکارییەکیشی بۆ پاراستن پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە.

 

لە11ی حوزەیرانی رابردودا، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەکەی عەبدوڵا لە"ناوچەی بایبلۆس" لە"جەبەل لوبنان"و دەستگیریان کردوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لەیاداشتێکدا بۆ حكومه‌تی لوبنان داوای کردوە عه‌بدوڵا یاسر سه‌بعاوی رادەست بکاتەوە، به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی سبایکەر، کە لەساڵی 2014دا زیاتر لە ١٠٠٠ سەربازی عێراقی لەشاری تکریتدا تیا کوژرا.

 

بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گشتی لوبنان، جەنەڕاڵ "عەباس ئیبراهیم"، وێڕای ئەوەی ​​هەواڵی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە، رایگەیاند "ده‌ستگیركردنی عەبدوڵا سه‌بعاوی له‌سه‌ر بنه‌مای یاداشتێك بوە‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئینته‌رپۆل (پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی)ه‌وه‌ ده‌رچوه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی لوبنانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

 

راشیگەیاند "ئەو لوبنانی نییە، دەسەڵاتی دادوەریی لوبنان بڕیار لەسەر ئازادکردنی دەدات یان ڕادەستکردنی بەدەسەڵاتدارانی عێراق".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×