سەركردەیەكی پارتی دەڵێت: تێبینیمان لەسەر هەر حكومەتێكی بەغدا هەبوبێت، سەركەوتو نەبوە
  2022-09-22       416       

عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی دۆخی عێراق رایگەیاند: پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆو لێكتێگەیشتن و دەشڵێت، هەر حكومەتێكی بەغدا پارتی تێبینیی لەسەر هەبوبێ، سەركەوتو نەبوە.

ئاوێنە: عەلی حسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار وتی "لەوبارەیەوە تێبینیمان ھەبوە و تێبینییەکانیش جدی بون، ئێستا ھەردولایەنی پارتی و یەکێتی گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، دەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و رەواندنەوەی مەترسییەکان، بە یەک کاندیدی ھاوبەش بچنە بەغدا. کێشەکانی عێراق ھیچ کاتێک کێشەی پەیوەست بە سەرکۆمار نەبوە، بۆ پۆستەکانی دیکەش گرفتەکە لەوەدایە، کە لایەنە عێراقییەکان لە داخوازییەکانیان نایەنە خوارەوە.“

لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، عەلی حسێن وتی"بابەتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کاتی خۆی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن پارتی بون، یان دەبێت رەچاوی ئەوە بکرێت، یانیش پێگەی لایەنەکان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەو ناوچانە لەبەرچاو بگیرێت، یانیش بە سازان بێت، چونکە ھی کوردە و دەبێ چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە، پارتی پێگەیەکی بەھێزی لەو شارەدا ھەیە و بۆچونی پارتی گرنگە و دواجار ئەو پۆستە لەسەر یەک لایەنی دیاریکراوی سیاسی تاپۆ نەکراوە و بەرکەوتەی کوردە."

رونیشی کردەوە، "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدایە، بەتایبەت ئەوانەی حکومەت دروست دەکەن، ئەمەش شتێکی ئاساییە و کورد دەیەوێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا رۆڵی گرنگی ھەبێت، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا لە عێراقدا خاوەنی ژمارەیەکی قورس و حساب بۆکراوە،‌ پارتی تێبینیی لەسەر ھەر حکومەتێکی عێراق ھەبوبێت، ئەو حکومەتە نەیتوانیوە سەرکەوتوانە کار بکات."

بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتمانییەکانی پارتی وتیشی"بەداخەوە پرۆسەی سیاسیی عێراق سەبارەت بە کێشەکان تا ئێستا نەگەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی، ھێشتا پرسی زۆر گرنگ ماون کە دەبێ لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێک بکەون، وەک پارتی ئامادەییمان ھەیە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەسەر کۆی پرسەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و پێشوتریش نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش ھۆشدارییان لە تێکدانی دۆخەکە و ئەگەرەکانی بەردەمی دابو، بەڵام ئەمەش ئاستەم نییە،‌ چونکە گرفتەکان دەتوانرێت بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.“

لەبارەی کشانەوەی سەدر لە ھاوپەیمانیی پارتی و سیادە، عەلی حسێن ئەوەی خستەڕو"ئەو ھاوپەیمانییەی لە دۆخێکی زۆر ھەستیار و گرنگی عێراقدا کرا، ئامانج لێی رزگارکردنی عێراق بو لە دۆخی چەقبەستویی و پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام لەگەڵ کشانەوەی سەدر لە ھاوپەیمانی، ئەو ھاوپەیمانییە نەما، بۆیە ھەریەک لە پارتی و سوننەکان دەستیان واڵایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چونکە بەرپرسیاریەتیی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستە بەشێک بین لە پروسەی سیاسیی عێراق، بۆ پێکھێنانی ھەر حکومەتێک.“

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×