پەیامێکی توند لە موقتەدا سەدرەوە
  2022-09-30       681       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاند، بەرپرسیارێتی پاراستنی شیعەکان لە ئەفغانستان لە ئەستۆی بزووتنەوەی تاڵیبانە.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی تەقینەوەیەك لەكابول-ی پایتەختی ئەفغانستان، لە یەکێک لە حوسێنییەی شیعەکان روویدا. زیاتر لە 60 كەس بوونە قوربانی.

موقتەدا سەدر، لە بارەی ئەو تەقینەوەیەوە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حکومەتی تاڵیبان تۆمەتبارە کە ناتوانێت پارێزگاریی لە گەلەکەی بکات و رێگریی لە تەقینەوە بکرێت، کە شیعەکان لەو وڵاتەدا دەکاتە ئامانج.

سەدر راشیگەیاندووە:”لە نەجەفی پیرۆزەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو تەقینەوانەی ئێستا کە برایانی شیعە ئەفغانییەکان دەکاتە ئامانج، دوور نییە لە داھاتوودا برایانی سوننە میانڕەوەکان کە بیروڕای تاڵیبانیان نییە بگرێتەوە، دەخەمە ئەستۆی تاڵیبان”.

سەدر لە پەیەیامەکەیدا ئاماژەبەوەشدەکات:”بە گشتیی ئەو حکومەتەی تاڵیبان یان ئەوەتا بە مەبەست بێدەنگە و رازییە بەوەی کە روودەدات و نزیکە لە تیرۆر و دوورە لە میانڕەویی، یان ئەوەیە بێ توانایە لە پارێزگاریکردن لە گەلەکەی و حکومەتێکی بێ نرخە و لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە دەستوەردان بکات بۆ کۆتایھێنان بە ئازاری ئەو گەلەی دەیەوێت بژیت”.

لە کۆتایدا، موقتەدا سەدر داواییکردووە، سعوودییە کە بەم دواییانە دەیەوێت لە توندڕەوی دوور بکەوێتەوە، دەستوەردان بکات لەوەی لە ئەفغانستاندا روودەدات و داواشی لە شیعەکانی ئەفغانستان کردووە، یەک دەست بن بۆ کۆتاییھێنان بە ئازار و مەینەتییەکانیان و پشت بە خودای گەورە ببەستن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×