بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، راپۆرتێکیان لەبارەی چەند پرسێکی دارایی ئامادەکردووە و بڕیارە وەزیری دارایی بۆ ئەو مەبەستە بێتە پەرلەمان کە چەندین پرس لەخۆدەگرێت، لەوانە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
ئاوێنه: محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان، به ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگهیاند: "ئێمە راپۆرتێکمان لەبارەی چەند پرسێک ئامادەکردووە و چاوەرێ دەکەین کە وەزیری دارایی بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی گفتووگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتە بکەین و وەڵامی پرسەکانی تیایدا باس کراوە بداتەوە".
محەمەد ئیلخانی وتیشی: "ئەو راپۆرتەی ئامادەکراوە لەسەر چەندین پرسە لەوانە پلەبەرزکردنەوە و بابەتی مووچە و ھەروەھا لەسەر بوودجەشە، ھاوکات حکوومەت خۆی پلانی داناوە پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام پلانێکی داراییشی پێویستە چونکە رێژەیەک لەمووچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت، بۆیە ئەو پارەی بۆ مووچە تەرخان دەکرێت پێویستە برێکی زیاتربێت بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە ئەنجامبدرێت".