لاهور شێخ جەنگی، سەردانەكەی هاوكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" بۆ هەولێر بە "دەستوەردانی ئاشكرا" لە كاروباری عێراق ناودەبات و دەشڵێت "هاوڕام لەگەڵ موقتەدا سەدر كە عێراق پێویستی بەحكومەتێكە نە خۆرهەڵاتی، نە خۆرئاوایی بێت."
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێکدا سەبارەت بە دەركەوتنی هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بەرەی توركمانیی لە هەولێر، وتویەتی "ناوبەناو و بەشێوەیەكی ئاشكرا سەردانی بەرپرسانی سەربازیو هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ دەبینین كە بەوپەڕی ئازادییەوە چاویان بە كەسایەتیو سەركردەی حزبە سیاسییە عێراقییەكان دەكەوێت."
لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی كۆبونەوەكەی هاكان فیدان و بەرەی توركمانیدا، وتویەتی "لە وێنەكەدا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا جارێكی تر دەردەكەوێت كە ئەمجارە چاوی بە ئەندامانی بەرەی توركمانی عێراق دەكەوێت لە هەولێری پایتەخت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئایا ئەو وڵاتانە وەكو ئێمە رێگە بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەدەن كۆبونەوە لەگەڵ حزبو سیاسەتمەداران بكات لەناو وڵاتەكانیاندا؟ ئایا ئەمە دەستوەردانی ئاشكرا نییە لەكاروباری وڵاتانی تر، سەروەریی وڵات لەكوێدایە؟."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەداخەوە زۆرینەی حزبە سیاسییەكان لە عێراق لە قسەو دروشمەكانیاندا سەبارەت بە سەروەریو سەربەخۆیی بڕیار درۆ لەگەڵ گەلدا دەكەن. بەپێچەوانەوە فەرمانەكانیان لە وڵاتانی ناوچەكەوە وەردەگرنو خۆزگە فەرمانەكانیش بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق بن."
وتوشیەتی"گەلەكەمان شایستەی ئەم چەواشەكاریو قۆستنەوە نییە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی.بەتەواوەتی هاوڕام لەگەڵ سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر: حكومەتێك نە خۆرهەڵاتی نە خۆرئاوایی بێت، بەڵكو تەنیا عێراقی بێت."