سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق: پێویستە بەشەخۆراكی هاوڵاتیان باشتر بكرێت
  2022-10-29       373       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیری بازرگانی رایگەیاند، پێویستە رێكاری كرداریی بگیرێتەبەر بۆ باشتركردنی جۆرەكانی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌سیر داود ئه‌لغه‌ریری، وەزیری بازرگانی كۆبوەوه‌.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەو كۆبونه‌وەیە‌دا پلانی وه‌زاره‌ت سه‌باره‌ت مادده‌ خۆراكییه‌كانی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ت له‌بواری ئاسایشی خۆراك‌ باسكران.

سودانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "حكومه‌ته‌كەی‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ پرسی خۆراك ده‌دات و له‌سه‌روی كاره‌ لەپێشینه‌كانی داده‌نێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سودانی داوایكرد كە‌ پێویسته‌ رێكاری پراكتیكی سه‌باره‌ت به‌  بەشەخۆراكی هاوڵاتیان و باشتركردنی جۆره‌كانی بگیرێتەبەر، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زیاتر پشتیوانی بێت بۆ هاوڵاتیانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×