ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە هێرشێكی چەكداریدا لە ناوچەی كەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، هاوڵاتییەكی ئەمریكی كوژرا.
ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكانی پۆلیسی عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە كە ژمارەیەك چەكدار هەوڵی رفاندنی هاوڵاتییەكی ئەمریكییان داوە لە ناوچەی كەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، بەڵام كاتێك هەوڵەكەیان شكستی هێناوە تەقەیان لێكردوەو كوشتویانە.
سەرچاوەكانی پۆلیسی عێراق بە ئاژانسەكەیان راگەیاندوە، تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئەمریكییە گوازراوەتەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ناوچەی كەڕادەو لە راپۆرتی سەرەتایی نەخۆشخانەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە گیانلەدەستدانی هاوڵاتییە ئەمریكییەكە بەهۆی بەركەوتنی فیشەكێكەوە بوە.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكانی پۆلیسی عێراق، هاوڵاتییە ئەمریكییەكە ناسنامەیەكی پێبوەو تێیدا دەردەكەوێت كە پیشەی مامۆستای ئینگلیزی بوە.
ئەفسەرێك لە پۆلیسی عێراق بە رۆیتەرزی وتوە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانمان و قسەی شایەتحاڵەكان دەریانخستوە كە چەكدارەكان بەر لە كوشتنی هەوڵی رفاندنی هاوڵاتییە ئەمریكییەكەیان داوە.
بەگوێرەی ئەو ناسنامانەی لە میدیا عێراقییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەو كەسەی كوژراوە، ناوی ستیڤن ترۆڵ و لەدایكبوی ساڵی 1977 بوەو مامۆستای ئینگلیزی بوە لە رێكخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدان بەناوی "میلینیۆم."
