نوسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی لەڕیگەی دەرکردنی بەیاننامەیەکەوە رایگەیاند "هیچ نوێنەرێکی نییە بۆ دەربڕینی بۆچوون لەسەر پرسە سیاسییەکان".
ئاوێنە: لەم بەیاننامەیەدا کە لەنوسینگەکەی لەنەجەفەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە "هەر هەڵوێستێکی سیاسی" سیستانی لەماڵپەڕەکەیدا بڵاودەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ میدیاکانی سەر بەحکومەتی ئێران بڵاویانکردەوە جەواد شەهرەستانی زاواو نوێنەری ئایەتوڵڵا سیستانی لەدیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری حەوزەی علمییەی ژنان لەقوم رایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران "بەهیچ شێوەیەک جەماوەری نییەو ئەوانە کۆمەڵێک چەقۆکێشو ئاژاوەگێڕن کە نازانرێت لەکوێوە هاتونو لە چ دوژمنێکەوە فەرمان وەردەگرن".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لەچالاکانانی سیاسیو مەدەنی داوای هەڵوێستی ئایەتوڵا سیستانییان کرد سەبارەت بەناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ئێران.
دوێنێ ژمارەیەک میدیا لەئێران هەڵوێستی شەهرەشتانییان وەک نوێنەری ئایەتوڵا سیستانی بڵاوکردەوە.