بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، بەبۆنەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەند بڕیارێكی بۆ ئۆرگان و كادرو ئەندامانی حزبەكەی دەركردو دەشڵێت، هەر هەڤاڵ، کادرو ئەندامێکی یەکێتی لە هەر پلەو بەرپرسیارێتییەکدا بێت، توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنانی کۆمەڵگەکەمان ئەنجام بدات، روبەڕوی یاسا دەکرێتەوەو لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەکرێت.
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئەمشەو پێنجشەممە، بڕیارەكانی لە چوارچێوەی راگەیەندراوێكدا بڵاوكردۆتەوە كە ئەمە دەقی بڕیارەكانە:
١- پێویستە تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکار و هەماهەنگبن لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و رەخساندنی یەکسانیی جێندەری لە گشت دامەزراوەکاندا.
٢- ژنان هێزی بەردەوام و لەبن نەهاتوی یەکێتین و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسین، بۆیە بڕیارماندا لەمەودوا دەرفەتی زیاتر بە کچان و ژنان بدرێت لە کاری رێکخراوەیی، سەرکردایەتی و هەمو ئۆرگەکانی تری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشدارییەکی چالاکانەتریان هەبێت.
٣- هەمو ئۆرگانەکانی یەکێتی پابەندی یاسا بەرکارەکان و راسپاردەی دیداری یەکێتی تایبەت بە پرسی یەکسانی جێندەری دەبن و هاوکارو پشتیوانی بێمەرج دەبن لەپێناو بەرقەراربونی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگەی کوردیدا. روبەڕوی هەمو بەربەستەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش دەبنەوە.
٤- هەر هەڤاڵ، کادرو ئەندامێکی یەکێتی لە هەر پلەو بەرپرسیارێتییەکدا بێت، توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنانی کۆمەڵگەکەمان ئەنجام بدات و دەست بۆ ماف و ئازادییە کەسییەکانیان ببات، روبەڕوی یاسا دەکرێتەوەو لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەکرێت.
بافڵ تاڵەبانی لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"ئێوەی ژنان و کچانی ئازاو ئازادیخواز بەرەو ئامانجە باڵاکانتان هەنگاوبنێن و ئێمەش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتان دەبین. روبەڕوی هەمو ئەو جیاکاری و بیرکردنەوانەش دەوەستینەوە کە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم خەباتە مەدەنی و دیموکراسییەدا."