پارێزەری دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەندی 17 ساڵ: دادگا دۆسیەكەی داخست
  2022-12-05       663       

پارێزەری كەیسی گیانلەدەستدانی سەهەندی 17 ساڵ رایگەیاند،  لەگەڵ ئەوەی بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەگەری هەیە سەهەند لە ئەنجامی ئەشكەنجەدان گیانی لەدەستدا بێت، بەڵام دادگای لێكۆڵینەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، كەیسەكەی داخست.

ئاوێنە: ئەحمەد محەمەد، پارێزەری كەیسی سەهەند ئەحمەد، ئەمڕۆ دوشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، ئەو كوڕە مێردمنداڵەی لەبنكەی پۆلیسی سەرچنار پاش هەڵاتن و دەستگیركردنەوەی لێدانێكی زۆر لێیدراوە و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا، ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی 7 كەیسەكەی داخست.

وتیشی: بەپێی ئەزمونی خۆم كە لێكۆڵەر بوم و نزیكەی 20 ساڵە كاری پارێزەریی دەكەم بۆ یەكەمجارە ببینم كەیسێكی تاوانی وا گەورە بەو خێراییە دابخرێت لەكاتێكدا ئێمە لەسەرەتای لێكۆڵینەوەكاندا بوین و ئەو دادگایە تایبەتمەند نەبو بەو كەیسەوە لەبەرئەوەی بەفەرمانێكی دادیی كەیسەكان جیاكراونەتەوە كەیسی سەهەندیش تاوانی كوشتنە، دەبو لە دادگای لێكۆڵینەوەی 8 لێكۆڵینەوە بكرایە، چونكە ئەو بنكە پۆلیسەی تاوانەكەی تێدا كراوە سەر بە دادگای 7 ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، راپۆتی پزیشكیی دوەم لەگەڵ یەكەمجار جیاوازە، لە یەكەمدا چەند خاڵێكی دیاریكردوەو ئاماژەیكردوە كە ئەو كەسە لەئەنجامی توندی و فشارو لێدانەوە گیانی لەدەستداوە، بەناڕاستەوخۆ هەمو بابەتەكە دەخاتەڕو، بەڵام لە دوەمدا دژیەكی هەیە لەگەڵ یەكەمدا و كە دەڵێت، بە قەزا و قەدەر گیانی لەدەستداوە، جگە لەوەش ئێمە كۆمەڵێك بەڵگەمان هەیە كە ڤیدیۆكانی بنكەی پۆلیس سڕاونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ سەردانمانكردوە و ئەوان لەسەرەتای لێكۆڵینەوەدان و سورن لەسەر بەردەوامیی رەوتی لێکۆڵینەوە، بەڵام لەماوەی 20 رۆژدا كەیسێكی تاوانی كوشتن كە 8 پۆلیسی لەسەر دەستگیركراوە و ڤیدیۆكان پیشانی دەدەن كە چۆن لەسەری سەهەند دەدەن دادەخرێت، ئێمە تەمیزی دەكەینەوە و زۆربەی ڤیدیۆ سڕاوەكانیش هێنراونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×