بانكی ناوەندیی عێراق: لەم مانگەدا نرخی دۆلار دەبێتەوە بە 1470 دینار
  2023-01-10       666       

بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، لەم مانگەدا نرخی دۆلار دەبێتەوە بە 1470 دینار. دەشڵێت، بەم نزیكانە دەروازەكانی فرۆشتنی دۆلار لە پارێزگاكانی دیكەش دەكرێتەوە.

ئاوێنە: ئیحسان شەمەران یاسری، راوێژكاری بانكی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی راگەیاند، بانكی ناوەندی پابەندە بە بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەر وڵاتێك دۆلاری لێ قەدەغەكرابێت، بانكی ناوەندیی عێراق پێشێلی ئەوە ناكات و سنوری رێكارەكان نابەزێنێت.

بەپێی قسەی ئەو راوێژكارەی بانكی ناوەندیی عێراق، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار حاڵەتێكی كاتییەو لەماوەی دو هەفتەی ئایندە یان بەر لە كۆتایی ئەم مانگەدا، نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە سەر نرخە ئاساییەكەی خۆی و لە 1470 دیناردا جێگیر دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە دۆخی دارایی دەوڵەت زۆر باشەو ئەو رێكارانەی دانراون بۆ فرۆشتنی دۆلار لەپێناو ئەوەدان كە دۆلار بگاتە دەست سودمەندی راستەقینەو ئەو پڕۆسەیەش بۆ كۆنترۆڵكردنە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بانكی ناوەندی رۆژانە بڕێكی زۆر باشی دۆلار دەفرۆشێت، بەشێوەیەك كە لە سەرجەم بانكەكانی بەغدا دەروازەی فرۆشتنی دۆلاری كردۆتەوەو بەم نزیكانەش دەروازەكان لە بانكەكانی دیكە لە پارێزگاكان دەكرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×