"ململانێی هێزە سیاسیەکان هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقه‌"
  2023-01-14       349       


ئه‌ندامێكی‌ پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، ململانێی نێوان هێزە سیاسیەکان هۆکارن بۆ دواکەوتنی ناردنی‌ پڕۆژە یاسای بودجە بۆ په‌رله‌مان. به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە ناسەقامگیری لەبازاڕدا دروستده‌كات.

ئاوێنه‌: ئومێد محمد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، بە پێی یاسا دەبوو پڕۆژە یاسای بودجە لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردوودا بهاتایەتە پەرلەمان و ناکۆکی نێو ماڵی شیعە هۆکارێکی دیکەی دواکەتنی پڕۆژەیاسای بودجەیە.

ئومێد محەمەد کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، نەوەی نوێ و بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمان داوایانکردووە پڕۆژە یاسای بودجە تێکەڵ بە ململانێ سیاسیەکان نەکرێت.

دەشڵێت، پڕۆژە یاسای بودجە دوو مانگی دەوێت بۆ پەسەندکردن لەبەر ئەوە ئەگەر ئێستاش بێتە پەرلەمان تا ناوەڕاستی مانگی دوو پەسەند ناکرێت و بەهۆی دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە ناسەقامگیری لە بازاڕدا دروستبووە.

ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی یاسادانانی دەستپێکردەوە و ئەو بەرنامەی کارەی کە بڵاوبووەتەوە باسی پڕۆژە یاسای بودجە و بەرزی نرخی دۆلاری تێدا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×