هاكان فیدان: بڕیارەكەی پەكەكە، مێژویی و گرنگە
  2025-05-12       214       

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بڕیارەكەی پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو دانانی چەك بە "مێژویی و گرنگ" ناودەبات و دەشڵێت، لەدوای ئەم بڕیارە، كۆمەڵێك هەنگاوی كرداری هەن دەبێت بگیرێنەبەر و لە نزیكەوە چاودێرییان دەكەین.

ئاوێنە: ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی كۆنگرەیەكی هاوبەشیدا هاتن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و سوریا.

هاكان فیدان لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا لەبارەی ئەنجامی كۆنگرەی پەكەكەو بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو چەكدانانی حزبەكە، وتی، پێموایە ئەم بڕیارەی پەكەكە، مێژویی و گرنگە، بە زۆر گرنگی دەزانم بەتایبەت لە پەیوەست بە ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەییەوە سودی بۆ ناوچەكەمان دەبێت.

وتیشی، بێگومان كۆمەڵێك هەنگاوی كرداری هەن دەبێت لەدوای ئەم بڕیارە بگیرێنەبەر، لە نزیكەوە چاودێرییان دەكەین.

هاكان فیدان ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر ئەو بڕیارە بەراستی و بە رێگەیەك كە نیگەرانییەكانی دیكە بڕەوێنێتەوە، جێبەجێ بكرێت، ئەوا بڕیارێكی زۆر بەسود دەبێت بۆ ئایندەمان و بۆ هاوڵاتیانمان."

ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەت باخچەلی لەوبارەیەوە بانگەوازێكی مێژویی كرد، سەرۆك كۆمار "ئیرادەیەكی زۆر بەهێزی نیشان دا" و پەكەكەش "وەڵامێكی ئەرێنی هەبو لەبارەی پرسەكەوە." هەروەها دەم پارتی كاری خۆی لەوڕوەوە پێشكەش كرد و كۆمەڵێك دۆستیش بەشداربون لەوەدا.

ئەوەشی وت، لەم بەرپرسیارێتییە مێژوییەدا، نیشانی دەدەین كە ئێمەی رۆڵەكانی ئەم وڵاتە، خۆمان توانای چارەسەركردنی كێشەكانی خۆمان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×