پارێزگاری شڕناخ جارێكی دیكە قەدەغەی هاتوچۆی لە 13 ناوچەی پارێزگاكە راگەیاند. بڕیارەكە لە سبەی دوشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و تاوەكو 26ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئاوێنە: پارێزگاری شڕناخ، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا جارێكی دیكە لە 13 ناوچەی ئەو پارێزگایەی باکوری کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند.
زۆربەی ناوچەكانی شڕناخ و ناوچەکانی جزیر، باسا، سلۆپی، قلەبان و ئلکێ وەک "ناوچەی ئەمنی تایبەت" ناوبراون و قەدەغەی هاتوچۆ دەیانگرێتەوە.
بڕیاری قەدەغەكردنەكە لە سبەی دوشەممە 12ی ئایارەوە دەچێت بواری جێبەجێكردن و تاوەكو 26ی ئایار بەردەوام دەبێت.
ناوچەكانی قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگاكە پێكدێن لە هەریەکە لە ناوچەكانی (بەستا، شاخەکانی جودی، گابار، قەڵای مەم، کورت، بەرێ دەریا، مەهری، تەختی ڕەش، کاتۆ ژیرکا، کاتۆ مارونیس، دولێ، هوسرە پاشاو سوهورپاشالایلا).