بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند، هێزەكانیان لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ژمارەیەك تیرۆریستیان لە سنوری پارێزگای كەركوك دەستگیركردون كە پێشینەیان لەناو رێكخراوی داعش هەبوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاڵپشت بە بەدواداچون و زانیاریی هەواڵگری ورد، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجامدا."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا ژمارەیەک تیرۆرست و تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە پێشینەیان لەناو ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش هەبوەو لە ئێستاشدا بەشێک بون لە شانە ناچالاکەکانی ڕێکخراوەکەو کاری گواستنەوەی کەرەستەو پێداویستی لۆجستییان کردوە بۆ پاشماوە چەکدارەکانی ڕێکخراوەكە."
ئاماژەی بەوەشداوە "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا دەست بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و تەقەمەنی بگیرێت، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک مۆبایل و سیم کارد گیرا کە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک تیرۆرستی دیکە بەکارهاتبون."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پاش دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەجێ ڕادەستی یاسا کران بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.