بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا: گەشبینین بەرامبەر ئەنجامی دانوستانەكانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران
  2025-05-11       305       

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە كە گەشبینن بەرامبەر ئەنجامی دانوستانەكانی ئەمڕۆی نێوان وڵاتەكەی و ئێران.

ئاوێنە: ئەو بەرپرسە باڵا ئەمریكییە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە، دانوستانەكانی ئەمڕۆ كە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچون، زیاتر لە سێ سەعات بەردەوام بون.

وتوشیەتی، هەست بە گەشبینی دەكەین بەرامبەر ئەنجامەكانی دانوستانەكانی ئەمڕۆ و بەئومێدەوە سەیری گەڕی داهاتوی دانوستانەكان دەكەین كە بەم زوانە بەڕێوەدەچێت.

هەر ئەمڕۆ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای كۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی"گەڕی چوارەمی دانوستانەكان بەراورد بە سێ گەڕی پێشو، زۆر جدی تر و راشكاوانەتر بو.. وێڕای سەختی و راشكاوبونی ئەم گەڕەی دانوستانەكان، بەڵام زۆر سودبەخش بون...ئێستا هەردولا تێگەیشتنێكی باشتریان لەبارەی هەڵوێستی یەكدییەوە هەیەو بەشێكی زۆری ئەو بابەتە سەرەكییانەی جێی ناكۆكین، زیاتر گفتوگۆیان لەبارەوە كراوەو هەڵوێستەكان تاڕادەیەك لە یەكدی نزیكتر بونەتەوەو دانوستانەكان لەبەرەوپێشچوندان."

عەباس عراقچی جەختی كردەوە كە ئەوان سازش لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم ناكەن. ئەوەش ئەو شتەیە كە ئەمریكییەكان لە لێدوانەكانیان جەخت دەكەنەوە كە دەبێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.

عراقچی لە لێدوانەكەیدا وتی، بەرپرسانی ئەمریكا لە میدیاكاندا لێدوانی پێچەوانە دەدەن و لە دانوستانەكانی ئەمڕۆدا باسی ئەو پرسەمان كردوە كە دەبێت دەستبەرداری ئەو جۆرە لێدوانانە ببن.

ئەوەش لەكاتێكدا رۆژی پێنجشەممەی رابردو، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئێران نابێت درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و ناشبێت چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×