ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە ئیستانبوڵ كۆببێتەوەو داواش دەكات لە سبەی دوشەممەوە ئاگربەستێكی تەواو و هەمیشەیی دەستپێبكات.
ئاوێنە: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا، ئەمشەو یەكشەممە، لە تۆڕی ئێكس لە پەیامێكدا وتی، چاوەڕێی ئەوەین لە سبەینێوە ئاگربەستێكی تەواوەتی و هەمیشەیی دەستپێبكات بۆ ئەوەی دەرفەتی پێویست بۆ دیپلۆماسیەت بڕەخسێنرێت، درێژەدان بە كوشتن هیچ سودێكی نییە.
وتوشیەتی، چاوەڕێم رۆژی پێنجشەممە لە توركیا، بەشەخسی پوتین ببینم، هیوادارم روسەكان جارێكی تر بەدوای پاساودا نەگەڕێن.
ئەو پەیامەی سەرۆكی ئۆكرانیا، چەند كاتێكی كەم دوای ئەوە هات كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پوتین خوازیاری گەیشتن بە ئاگربەست نییە لەگەڵ ئۆكرانیا، بەڵكو خوازیاری دیدارێكە لە رۆژی پێنجشەممە لە توركیا بۆ دانوستان لەسەر كۆتاییهێنان بە كوشتار، دەبێت ئۆكرانیا دەستبەجێ رازی بێت بەوە.
زێلێنسكی پێشتر رایگەیاندبو كە وڵاتەكەی تەنیا لەدوای جێبەجێكردنی ئاگربەست ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ روسیا.
وڵاتانی رۆژئاوا رۆژی دوشەممەی رابردو داوایان كرد كە شەڕی ئۆكرانیا بۆ ماوەی 30 رۆژ رابگیرێت.
پێشنیارەكەی پوتین بۆ كۆبونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆكرانیا، دوای ئەو داوایەی وڵاتانی رۆژئاوا هات.
دوێنێ شەممە پوتین لە وتەیەكدا داوای لە ئۆكرانیا كرد كە رازی بێت بە دەستكردن بە دانوستانێكی جدی لەبارەی شەڕی نێوانیان بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بەو داوایەی وڵاتانی رۆژئاوا بدات بۆ راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ.