نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕەخنەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرت، دەشڵێت: داوا لە ئەحمەد شەرع دەکەین سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق.
ئاوێنە: نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا هۆشداریی دەداتە ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق.
نوری مالیکی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جێگای ڕەخنەیە.
وتیشی: کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری سەرکردەکانی هاوپەیمانی و سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجامدراوە، هەربۆیە هۆشداریی دەدەم، لە بارەی هاتنی شەرع بۆ عێراق و بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبیدا، بەتایبەتی، کە تا ئێستاش شەرع لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە داواکراوە.
دەشڵێت: ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق لە عێراق داواکراوە و نامانەوێت پێشوازیی لێ بکەین لە لووتکەی عەرەبی بەغدا.
هەروەها مالیکی دژایەتی خۆی بۆ سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق ڕگەیاند و وتی: داوای لێ دەکەین سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق.
باسی لەوەشكرد: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکی کۆمار و وەزیری دەرەوە ئاگاداری دیداری سودانی و شەرع لە دەوحە نەبوون و لەم کاتەدا هیچ پاساوێک بۆ ئەم کۆبوونەوەیە نابینین.
جێگای ئاماژەیە، دیدارەکەی نێوان سودانی و شەرع لە پەراوێزی ڕێکخستنەکانی ناوچەیی، کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، لە پێش کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا ئەنجامدرا، لە کاتێکدا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە دوای کۆبوونەوەکەیان بڵاونەکرایەوە، کە ئامانجی دیدارەکەیان ڕوون بکاتەوە.