پەرلەمانتارێکی ڕەوتی هەڵوێست: پابه‌ندی هیچ بڕیارێکی رەتەکەم نابم
  2025-05-10       376       

سارا موحسین، پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، ڕەوتەکە لەڕێڕەوی ئاسایی خۆی لایداوە، بۆیە ئێمە وەک هەڵوێست وەرگرتن پابەندی هیچ بڕیار و دیدارو دانیشتن و کۆنفرانسێک نابین. ئەوە لەكاتێكدایە وتەبێژی ڕەوتەكە ڕایگەیاندبو، كە ئەو پەرلەمانتارەیان بەهۆی نەخۆشیەوە لە دەرەوەی وڵاتە.

ئاوێنە: سارا موحسین، ئەمڕۆ شەممە لە ڕونكردنەوەیەكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، ئێمە وەک پشتیوانیەک لەهاوڕێیانی بەرەی ناڕازی ناو ڕەوتی هەڵوێست، بایکۆتی ئەم کۆنفرانسەمان کرد، لەئێستادا پێمان وایە ڕەوتەکە لەڕێڕەوی ئاسایی خۆی لایداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وەک هەڵوێست وەرگرتن پابەندی هیچ بڕیار و دیدارو دانیشتن و کۆنفرانسێک نابین، تاکو ئەوکاتەی دەگەین بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی کە  ئێستا خۆیان بەخاوەنی ڕەوتەکە دەزانن.

ڕونكردنەوەكەی سارا موحسین، پەرلەمانتاری رەوتی هەلوێست لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ڕێبوار کەریم، وتەبێژی ڕەوتەكە ڕایگەیاند، بەشداری نەكردنی ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتەكەیان لە کۆنفرانس، بەهۆی حالەتێکی نەخۆشیەوەیە كە لە دەرەوەی وڵاتە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×