شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین لەگەڵ تاوەباران بەڕێوەیە و پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە 10_ی ئایار_ی 2025 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا، سبەی یەکشەممە پلەی گەرمی کەمێک بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ و لە دوو سبەی دووشەممەوە، کاریگەریی ئەو گەرمایە لەسەر ناوچەکانمان کەمدەبێتەوە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی بارستەھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا.
باسی لەوەش كردووە، ناجێگیربوونی کەشوھەوا لە ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری ھەورەبروسکە و نمەباران لە ھەندێک شوێندا دەبێت، بۆ رۆژی سێشەممەش، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە زیاتر دەبێت و ئەگەری چالاکبوونی بای رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا دەبێت بە خێرایی 15-40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەھۆیەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقەوە، ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەگرێتەوە، پلەی گەرمییش زیاتر نزمدەبێتەوە و کەش تا رادەیەک فێنک دەبێتەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، “بەگشتی کاریگەریی ئەم حاڵەتە تا کۆتایی ھەفتە، رۆژی پێنجشەممە بەردەوامیی دەبێت و ناوبەناویش، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بەتایبەت رۆژی پێنجشەممە ھەورەبروسکە چالاک دەبێت و ئەگەری تاوەباران دەبێت؛ بارانەکە بۆ زۆربەی ناوچەکان کەمە، بەڵام لە ھەندێک شوێندا بە دیارینەکراوی بارانی بەخوڕ و تەرزەش دەبارێت”.