ئەمریكا: دیاریكردنی ئەبو حاتەم شەقرا وەکو فەرماندە لە لایەن دیمەشقەوە هەڵەیەکی گەورەیە
  2025-05-09       603       
وەزیری بەرگریی سوریا و ئەبو حاتەم شەقرا

ئەمریکا دیاریكردنی ئەبو حاتەم شەقرا، تاوانباری پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و تاوانباری شەهیدكردنی هەڤرین خەڵەف، ژنە سیاسەتمەداری كورد لە رۆژئاوای كوردستان وەک فەرماندەی هێزی باکوری رۆژهەڵاتی سوپای سوریا لە لایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە بە "هەڵەیەکی گەورە" ناودەبات.

 ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی سوریا، رۆژی دوشەممەی رابردو، ئەبو حاتەم شەقرا، فەرماندەی گروپی چەکداری ناسراو بە (ئەحرار شەرقیە)ـی نزیك لە توركیای راسپارد کە ببێتە فەرماندەی فیرقەی 86 لە پارێزگاکانی دێرەزور، رەققە و حەسەکە لە باکووی رۆژهەڵاتی سوریا كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی دژبە مافەكانی مرۆڤ و هەروەها شەهیدكردنی هەڤرین خەلەف، ژنە سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان.

ناوبراو لەلایەن ئەمریكاوە سزای خراوەتەسەر، دوێنێ پێنجشەممەش تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی"بڕیاری حکومەتی کاتی ( دیمەشق) بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسە بۆ پۆستێکی فەرمی، لە کاتێکدا کە پێشینەیەکی دورودرێژی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئەرکی بەزاندنی داعش، هەڵەیەکی گەورەیەو ئەمریکا پشتیوانی لێ ناکات."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەبو حاتەم شەقرای تۆمەتبارکردوە بەوەی سەرپەرشتی زیندانێکی گروپی (ئەحرار شەرقیە)ی کردوە لە سنووری حەلەب، کە لە ساڵی 2018ـەوە، لەو زیندانەدا چەندین پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤ، کوشتن و ئەشکەنجەدان ئەنجام دراون.

یەکێک لەو تاوانانەی کە ئەبو حاتەم شەقرا پێی تۆمەتبار کراوە، تیرۆرکردنی ژنە سیاسەتمەداری کورد، هەڤرین خەلەف، سکرتێری پارتی ئایندە بو، کە ئەو و حەوت هاوڕێی دیکەی لە تشرینی یەکەمی 2019 شەهیدكران، ئەمریكا ئەو تاوانەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی" ناوبرد.

چەند رۆژێك لەمەوبەریش، فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی دانانی ئەو كەسە لەو پۆستەدا رایگەیاند، دانانی کەسانی تاوانباری وەک ئەبو حاتەم شەقرا لە پۆستە هەستیارەکانی سوریای نوێ، هەنگاوێكی نەرینی و قبوڵ نەكراوەو دەبێتە مایەی پیسكردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەبو حاتەم شەقرا، كە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەنێویاندا شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەف، ژنە سیاسەتمەداری کورد لە رۆژاوا، جێگەی زیندانە نەك دامەزراوە رەسمییەكان و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەنگاوی بوێرانە بگرنەبەر بۆ دادگاییكردنی ئەو جۆرە كەسانە لەسەر تاوانەكانیان لەدژی سورییەكان.

جەختیشی كردەوە، تاوانبارێك كە بەهۆی ناوبانگە خراپەكەیەوە لەناوخۆدا داواكراو و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سزادراوبێت، نابێت شوێنی تاوانبارانی پێشو بگرێتەوە، بەڵكو دەبێت هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×