ڕێباز حەملان، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، پێداچونەوەی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بوە و لیستەكان هیچ كێشەیەكیان تێدانیە و وەزیری دارایی عێراق چاوەڕوانی ڕەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ خەرجكردنی موچە، هەروەها چاوەڕوان دەكەن هەفتەی داهاتو ئەو بابەتە یەكلابكرێتەوە.
ئاوێنە: ڕێباز حەملان، ئەمڕۆ هەینی لەوەڵامی پەیامنێری خەندان-دا لەبارەی موچەی مانگی (نیسان/4)ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمەوە ڕایگەیاند، پێداچونەوەی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بوە و لیستەكان هیچ كێشەیەكیان تێدانیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بابەتە دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چارەسەر بكرێت، نەك وەزارەتی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق چاوەڕوانی ڕەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ خەرجكردنی موچە.
ڕێباز حەملان باسی لەوەشكرد، تا ئێستا حكومەتی عێراق بەفەرمی هیچ هۆكارێكی یاسایی و كارگێڕی لەبارەی دواكەوتنی ناردنی پارە بە حكومەتی هەرێم ڕانەگەیاندوە و چاوەڕوان دەكەن هەفتەی داهاتو ئەو بابەتە یەكلابكرێتەوە.
لەبارەی پێشنیاری وەزیری دارایی عێراق بۆ ناردنی 760 ملیار دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم، ڕێباز حەملان وتی، "تائێستا هیچ شتێكی فەرمی لەو باریەوە نیە".