2025-05-09   1350     
دۆناڵد ترەمپ
ئا: ئاوێنە
ناوەندە سیاسیو میدیاییەکان پێشبینی ئەو "ڕاگەیاندنە زۆر گرنگە" دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد پێش گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجامی دەداتو سەردانی قەتەرو ئیماراتو سعودیە دەکات. بەڵام تا ئێستا پلانی بۆ سەردانی ئیسرائیل دانەناوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە "ڕاگەیاندنێکی زۆر گرنگو سوپرایز" دەبێتو بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
زۆر لێکدانەوە بۆ ئەو پرسە کراوە. هەندێک پێیانوایە پەیوەندی بەپەیوەستبوونی هەندێک وڵاتی ناوچەکەوە هەیە بەڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام، هەندێکی تر پێیانوایە ترامپ هاوکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ غەززە ڕادەگەیەنێت، یان تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش گەیشتووەتە ڕێککەوتن. هێشتا هەندێکی تر پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو بەفەرمی پەسەندکردنی زاراوەی "کەنداوی عەرەبی" لەلایەن وڵاتەکەیەوە ڕادەگەیەنێت، کە ئێرانییەکانی توڕەو دەهری کردووە.
کەواتە ترەمپ چ سوپرایزێک پێیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
کەس نازانێت چی لەمێشکی ترەمپدا دێتو دەچێتو دەگوزەرێت. تەنانەت هەندێکجار پلانەکانی لەنزیکترین یاریدەدەرەکانیشی دەشارێتەوە، بەتایبەتی کاتێک سوپرایزەکان ڕادەگەیەنێت.
بەڵام ئەوەی بەڕوونی دەبینرێت ئەوەیە ترەمپ دێتە ناوچەکە بۆ چەسپاندنی ئەو سەرکەوتنەی تا دژ بەمحوەری مقاوەمەو ئێران لەناوچەکەدا بەرجەستە بووە، سەرەتا لەحەماسەوە لەغەززە دەستیپێکردو بەتێکشکاندنی حزبوڵا لەلوبنانو ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا تێپەڕی، پاشان کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەعێراقو دواهەمینیشیان تەسلیمبوونی حوسییەکان لەیەمەن دەبێت.
ترامپ بەهەستێکی سەرکەوتنەوە دێتە ناوچەکە، بەڵام لەهەمانکاتدا پێدەچێت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەک ئیدارەی پێشوو نایەوێت کۆتایی بەئێران بهێنێت، بەڵکو زیاتر دەیخاتە سەر ئەژنۆو رێگە لەفرانبوونی لەناوچەکەو دەستگەیشتنی بەچکی ئەتۆمی لێدەگرێت. ئیدارەی ئەمریکا، حوسییەکان بەتەواوی لاوز دەکات، "حزبوڵڵا" لەچەک دادەماڵێت، هەروەک چۆن دەیانەوێت ئێران لەهەموو چەکە گەورەکان دابماڵرێت، بۆ ئەوەی هەڕەشە لەئاسایشی ناوچەکە نەکەن.
هاوکات ترەمپ ئامادەکاریی دەکات نۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیەو چەند وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل.