دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا(مەهەپە) لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەروین بوڵدان، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی، رایگەیاند، ئەو پەڕی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا. پەورین بوڵدان-یش پێی وتوە، پێكەوە پڕۆسەكە تەواو دەكەین.
ئاوێنە: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی، ئەنجامداوە.
بەپێی میدیاكانی توركیا، باخچەلی سوپاسی پەروین بوڵدانی کردوە بۆ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەی لەبارەی بەڕێوەچونی كۆنگرەی پارتی كرێكاران بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەكە.
ئاماژە بەوەشدراوە، باخچەلی بە بوڵدانی وتوە، بە شێوەیەکی شەخسی سوپاستان دەکەم، بەشداریتان لەم پرۆسەیەدا زۆر گەورەیە، پرۆسەکە بەهۆی ئێوەوە گەیشتوەتە ئەم قۆناغە، ئەوپەڕی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ تەواوكردنی.
ئەوەشخراوەتەڕو، لای خۆیەوە، پەروین بوڵدان بە باخچەلی راگەیاندوە، منیش سوپاس ئێوە دەكەم، ئەم پرۆسەیە پێکەوە تەواو دەکەین.