لە کۆبانێ زنجیرە چالاکییەکانی جەژنی زمانی کوردی دەستی پێکرد
  2025-05-10       182       

لە کانتۆنی فورات زنجیرە چالاکییەکان بۆ ١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردی بە دروشمی “پەروەردە بە زمانی دایک، مافێکی ڕەوا و بنەڕەتییە” دەستی پێکرد.

ئاوێنە: بۆ پیرۆزکردنی ١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردی، لە زانکۆی کۆبانێ، هۆڵی پارکی ڕۆنیوار، شوێنی کۆنگرەی ستار، شارەوانی کۆبانێ، هۆڵی ناوەندی پەیەدە و خوێندنگای شەهید هۆگر لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کورستان، زنجیرە چالاکییەک بەڕێوەچوون.

لە هۆڵی ناوەندی پەیەدە لە کانتۆنی فورات سیمینارێک ئەنجام درا، سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و دواتر لەلایەن شەڕڤان بەکر، بەڕێوەبەری ناوەندی زمانی کوردی لە شاری کۆبانێ پێشکەش کرا.

لە سیمینارەکەدا ئاماژە بەوەدرا، زمان ئەو سیستەمە پەیوەندییەیە کە لە دەنگ، هێما و ڕێساکان پێکدێت کە مرۆڤ بۆ دەربڕینی بیر، هەست و داواکارییەکانی بەکاریدێنێت و شەڕڤان بەکر وتی: وەک کوردی، فارسی، ئیسپانی و هتد، لەسەر ڕووی زەوی، نزیکەی شەش هەزار زمان و شەش بۆ ١٠ هەزار زاراوە قسەیان پێ دەکرێت، لەو ژمارەیەش لە ٤٠٪ـی زمانەکانی جیهان لەژێر مەترسی لەناوچوون دان، لە شەش هەزار زمان، تەنها ١٧٠-٢٠٠ زمان وەک زمانی فەرمی ناسێندراون. نزیکەی ٧٠٠-٨٠٠ زمان وەک زمانی پەروەردە بەکاردێن.

هەروەها لە سیمینارەکەدا نموونە لەسەر دیالێکت و زاراوەکان بەپێی ناوچەکانیان درا.

لە هەمان کاتدا لە پەیمانگای شەهید زۆزان، خوێندکارانی بەشی مامۆستایەتی پۆل، مێژوو، ئەدەبی عەرەبی و ئەدەبی ئینگلیزی ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ ئەنجام درا.

لە ئاهەنگەکەدا دوای خولەکێک ڕێزگرتن، مامۆستا شیرین عەبدی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی فورات قسەی کرد و ئەم ڕۆژەی لە هەموو خوێندکاران پیرۆز کرد و وتی: کاتێک شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد لەگەڵیدا شۆڕشی زمانیش دەستی پێکرد، زانست و زانین بوو بە فاکتەری بنەڕەتی و سەرەکی، لەبەر ئەوەش خوێندکارەکانمان بەڵێنی خوێندنیان بە زمانی خۆیان دا و ئەوەتا ئەمڕۆش دووبارە بە زمانی خۆیان دەخوێنن.

دواتر مامۆستا حەسەن عەبدو عەلی، هاوسەرۆکی پەیمانگای شەهید زۆزان بۆ ئامادەکردنی مامۆستایان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، سەرکەوتنی خوێندکاران لە هەموو کەسێک پیرۆز دەکەن و وتی: شۆڕشێکی بیردۆزی و سیاسیشمان لە تەنیشت شۆڕشی خۆمان دا، لەوێدا شۆڕشی زمانی خۆمان پێشخست، ئەمڕۆش دەستەکانی پەروەردە، زانکۆ و خوێندنگاکانمان هەیە، ئەم ڕۆژە لە مامۆستا خۆشەویستەکان و هۆگرانی زمانی کوردی پیرۆز دەکەین.

دواتر لەلایەن خوێندکار بەشار گۆرانی وترایەوە، دوای گۆرانییەکە خوێندکاران خەڵاتیان بە مامۆستاکانی پەیمانگاکە دا و گۆڤەندیان گێڕا.

لە کۆتاییدا بڕوانامەی سەرکەوتن بەسەر هەموو خوێندکاراندا دابەش کرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×