وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی بۆ پێدانی پارچەزەوی بە 9579 ئەفسەر و پلەداری لیوا و یەكەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە 10ی 5ی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، "دوابەدوای گەڕانەوەی وەجبەی یەکەمی پێدانی پارچەزەوی بۆ ئەفسەران و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگه، لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی بۆ پێدانی پارچەزەوی بۆ (9579) ئەفسەر و پلەداری لیوا و یەکەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە."
ڕەزامەندیی بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی لیوا و یەكەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەرچوون، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- ئومرەی ب. ئیدارەی ئەفسەران 131 کەس.
- لیوای 2ی پیادە 708 کەس.
- لیوای 4ی پیادە 1400 کەس.
- لیوای 7ی پیادە 1672 کەس.
- لیوای 11ی پیادە 1617 کەس.
- لیوای 12ی پیادە 1622 کەس.
- لیوای 17ی پیادە 1019 کەس.
- لیوای 18ی پیادە 1410 کەس.
وەك وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، "کۆی گشتی دەكاتە (9579) کەس، لەم وەجبەیە سوودمەند دەبن و پڕۆسەکەش بەردەوامی دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین پەلە بکەن لە ڕێکخستن و بە داتاکردنی فۆڕمەکانیان و بە ڕێکوپێکی ناردنیان بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان و هاوکار بن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنوێنییانەی بۆیان نێردراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەندبێت لەم پڕۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان."