پەكەكە رایگەیاند، لەنێوان 5 تا 7ی ئایاردا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، 12یەمین كۆنگرەی خۆیان بەشێوەیەكی سەركەوتوانە ئەنجامداوەو لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجام و بڕیارەكانی كۆنگرەكە بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە.
ئاوێنە: پەكەكە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەڕێوەچو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەمو بوارەکانی خەبات، لە دو هەرێمی جیاواز بە تەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچو.
پەكەكە دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژویی وەرگرت."
جەختیش دەكاتەوە، ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردو هەرێمە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنرێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەڕێوەچو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەمو بوارەکانی خەبات، لە دو هەرێمی جیاواز بە تەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچو.
کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوەوە. کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆی کرد، دیدگا و پێشنیارەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ کۆنگرەکە خوێندەوە و هەڵسەنگاند. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.
لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژویی وەرگرت.
کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەمو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بەشێوەیەکی دروست خاوەنداری لە هەمو بەها دیموکراتیکی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن و بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدانمان بکەن و بۆ هەمیشە یادیان بە زیندوی بهێڵنەوە.
کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەڕێز و پێزانینەوە یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەری کردەوە کە لە ئامادەکارییەکاندا یەکێک لەو کەسایەتییانە بو کە ڕەنجێکی زۆری دا. بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی ئەم مرۆڤە هێژایە کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بانگەوازی لە هەمو کەسێک کرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن.
ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردو هەرێمە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنرێت.
لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتی یەکەمین شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا، جارێکی تر بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەمو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەمو ناوچەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرز بکەنەوە.
شەهیدان نامرن!
بژی ڕێبەر ئاپۆ!."