هەپەگە: سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی و گەریلا درۆنێكی خستەخوارەوە
  2025-05-10       142       

هەپەگە رایگەیاند، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە تاوەكو ئەمڕۆ شەممە، سوپای توركیا 545 جار لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی كردۆتە سەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا، گەریلاش لە وەڵامدانەوەی هێرشەكاندا درۆنێكی سوپای توركیای لە زاپ خستۆتە خوارەوە.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە 7 و 8 و 9 و 10ی مانگ، سوپای توركیا 545 جار بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلای كردوە.

یەكێك لە هێرشەكان، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایار ئەنجامدراوەو تێیدا سوپای توركیا بۆردومانی سنوری گوندەكانی بەری چیای گارەی كردوە. ئەوەش رۆژێك دوای ئەوە دێت كە پەكەكە رایگەیاند، كۆنگرەی خۆیان بەسەركەوتویی ئەنجامداوەو لەسەر بنەمای بانگەوازەكەی ئۆجەلان لە كۆنگرەكەدا لەبارەی كاكردرنی پەكەكە بڕیاری گرنگیان داون و لەماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامەكانی بۆ رایگشتی رادەگەیەنن. 

هەپەگە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزەكانیان لە وەڵامی ئەو هێرشیانەدا رۆژی 7ی ئەم مانگە لە رۆژئاوای زاپ بە درۆن گورزیان لە چەند هێزێكی سوپای توركیا وەشاندوە لە كاتی هێرشكردندا، هەروەها رۆژی 8ی ئەم مانگە بە درۆن گورزیان لە چەند ئامانجێك وەشاندوە زیان بەر زرێپۆشێك كەوتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە هەمان رۆژ و هەمان ناوچە، گەریلا درۆنێكی سوپای توركیایان خستۆتەخوارەوە و هەروەها رۆژی 9ی مانگیش گورزیان لە چەند ئامانجێكی سوپای توركیا وەشاندوە كە سەرقاڵی هێرشكردن بون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×