وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕی چوارەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا، زۆر جدی ترو راشكاوانەتر و زۆر سودبەخش بوە. جەختیش دەكاتەوە كە وڵاتەكەی هیچ سازشێك لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە ناكات و ئامانجیشی لە دانوستانەكان هەڵگرتنی سزاكانە.
ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، دوای كۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی"گەڕی چوارەمی دانوستانەكان بەراورد بە سێ گەڕی پێشو، زۆر جدی تر و راشكاوانەتر بو، ئێمە لە دانوستانەكاندا ئێستا لە بابەتە گشتییەكان تێپەڕیون و چوینەتە ناو وردەكارییەكانەوە."
وتیشی"بێگومان لەم قۆناغەشدا، دانوستانەكان سەختتر دەبن، بەڵام وێڕای سەختی و راشكاوبونی ئەم گەڕەی دانوستانەكان، بەڵام زۆر سودبەخش بون. دەتوانین بڵێین ئێستا هەردولا تێگەیشتنێكی باشتریان لەبارەی هەڵوێستی یەكدییەوە هەیەو بەشێكی زۆری ئەو بابەتە سەرەكییانەی جێی ناكۆكین، زیاتر گفتوگۆیان لەبارەوە كراوەو هەڵوێستەكان تاڕادەیەك لە یەكدی نزیكتر بونەتەوەو دانوستانەكان لەبەرەوپێشچوندان."
عەباس عراقچی وتیشی، هەردولامان بڕیارماندا درێژە بە دانوستانەكان بدرێت، بۆ گەڕی داهاتوی دانوستانەكانیش رێككەوتوین، بەڵام رۆژ و شوێنەكەی، بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەكانی هەردولا، دیاری دەكرێت و ئەوەش خراوەتە ئەستۆی وەزیری دەرەوەی عومان، پێشموایە هەفتەیەكی تر گەڕی دواتر ئەنجام دەدرێت.
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی"بەداخەوە ئێمە لێدوانی ناكۆك و پێچەوانە لەلایەنی ئەمریكییەوە بەتایبەت لە میدیاكان دەبیستین كە ئەو لێدوانانە كۆمەك بە دۆخی دانوستانەكان ناكەن. یەكێك لە بابەتەكانی جێی گفتوگۆكانی ئەمڕۆمان، ئەم پرسە بو كە ئەم شێوازە خزمەت بە دانوستانەكان ناكات و دەبێت راست بكرێتەوە، بەهەمان ئەو شێوەیەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی پێداگرەو لە گوازشتكردن لە هەڵوێستەكانیدا، وردە. ئەمەش چاوەڕوان دەكەین لە لایەنی ئەمریكی. ئەگەر ئەو جۆرە رەفتارانە دوبارە ببنەوە، ئێمەش بەهەمان شێوە رەفتار دەكەین."
ئاماژەی بەوەشداوە، پرسی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئێران و پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، دو پرسی سەرەكی دانوستانەكانن، لەڕوانگەی ئێمەوە پیتاندنی یۆرانیۆم، پرسێكە كە بێگومان دەبێت بەردەوام بێت و بواری هیچ سازشێك لەوبارەیەوە بونی نییە، رەنگە لەبارەی ئاست و ئەندازەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە، هەندێك سنور قبوڵ بكەین لەپێناو زیادكردنی متمانە، بەڵام پیتاندنی یۆرانیۆم وەك بنەما، تەنانەت جێی دانوستانیش نییە.
ئەوەشی وت، لە پەیوەست بە سزاكانیشەوە، بێگومان ئامانج و مەبەستی ئێمە لە دانوستانەكان، هەڵگرتنی سزاكانە، ئەمەش لەلای هەردو لا جێی رەزامەندییە. هیوادارین لە درێژەی دانوستانەكاندا بەرەپێشچونی زیاترمان هەبێت.