راوێژكارێكی سودانی: ستراتیژی بانكی ناوەندی كاریگەری هەبوە لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار
  2025-05-11       149       

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو پلانە ستراتیژییەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە جێبەجێدەکرێت بە هاوکاری لەگەڵ بانکەکان، كاریگەری هەبوە لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی دۆلار دابەزینێکی نوێی تۆمارکرد و لە ئێستادا 100 دۆلار بە فرۆشتن، 142 هەزار و 150 دینارە و نرخی کڕینیش، 141 هەزار و 900 دینارە، لەکاتێکدا دوێنێ شەممە، بەهای 100 دۆلار بەرامبەربو بە 142 هەزار و 650 دینار.

لەو بارەیەوە، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کەمبونەوەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ و نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریب (رەش)، یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی سەرکەوتنی پلانی ستراتیژیی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پلانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی بازاڕی دراو، ئەمەش سودی کاریگەری هەیە و فاکتەرێکی سەرەکیشە بۆ بەهێزبونی دیناری عێراقی، بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی.

بە وتەی راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانکی ناوەندیی سەرکەوتو بوە لە دامەزراندنی سیستمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی، بۆ لێکۆڵینەوە لە گواستنەوە و کارەکانی بانک بە دراوی بیانی، ئەم رێگەیە چەندین قۆناغی تێپەڕاندوە و کاریگەریی بەرچاوی دروستکردوە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار.

وتیشی: ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی پلانی بانکی ناوەندییە بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش، پێویستی بە هاوکاری و پابەندبونی بەردەوام هەیە لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکە نیشتمانییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×