محەمەد حاجی مەحمود: دەبێت كورد لە بەغدا بكشێتەوە
  2023-01-25       697       

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا لەبارەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، "دادگایەکی عەرەبی کۆمەڵێک بڕیاری نابەجێی داوە، وەک ئەوەی وارسی کورد بێت، پێموایە ئەبێت کورد لە بەغدا بکشێتەوەو هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و بەغدا نەمێنێت."

ئاوێنە: محەمەد حاجی مەحمود، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاندوە"داوا لە کورد ئەکەم چیتر خۆیان و نەتەوەی کورد و قەوارەی سیاسی هەرێم نەدەنە دەست قەدەر، دادگایەکی عەرەبی کۆمەڵێک بڕیاری نابەجێی داوە، وەک ئەوەی وارسی کورد بێت، پێموایە ئەبێت کورد لە بەغدا بکشێتەوەو هیچ پەیوەندییەک لەنێوان کوردو بەغدا نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەکی عێراقیش لە کوردستان نەمێنێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەوەی عێراق ئەیکات دوژمنایەتی کوردە و پێویستە دادگای باڵای کوردستانیش بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات کە ئەو دادگا عەرەبیەی لە بەغدایە، دادگایەکی فیدڕاڵی نییە و دادگایەکی نادەستوریە و هیچ بڕیارێکی جێبەجێ ناکرێت لە کوردستاندا."

 بەبڕوای محەمەد حاجی مەحمود "عێراق پێویستی بە دادگای دەستوریی هەیەو ئەو دادگایەی ئێستا لە وەختی دەستوری کاتی عێراقدا دامەزراوە بڕیارەکانی سیاسین و هیچ شەرعیەتێکی نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×