فوئاد حسێن: سودانی بە ماکرۆنی وت پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا زۆر باشن
  2023-01-27       593       

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، پێی راگەیاندوە كە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا زۆر باشن.

ئاوێنە: شەوی رابردو سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆكی فەرەنسا كۆبونەوە. دوای کۆبونەوەكەش سودانی لە تویتێكدا رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر من و ماکرۆنی هاوڕێ، رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژییمان ئیمزاکرد کە نەخشەڕێگەیەک بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوئاهەنگی لەنێوان هەردو وڵات لەسەرجەم بوارەکان دادەنێت."

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوە، بە روداوی وت: کۆبونەوەی سودانی و ماکرۆن "باش بوە" و باسی کۆمەڵێک پڕۆژە کراوە کە تێیدا فەرەنسییەکان هاوکاریی عێراق دەکەن وەک پڕۆژەی میترۆ لە بەغدا.

جگە لەو پرسانەش، وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق باسی کرد، هەردولا گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریی ئەمنی و سەربازیی فەرەنسا بۆ عێراق، پەیوەندیی ئابوری بەشێوەیەکی گشتی و دۆخی سیاسیی ناوچەکەش کردوە.

 پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا یەکێکی دیکە بوە لەو پرسانەی لە کۆبونەوەی سودانی و ماکرۆن باسکراوە. فوئاد حسێن لەوبارەیەوە وتی: سەرۆکی فەرەنسا پرسیاری لەبارەی بودجە و یاسای نەوت و گاز کردوە.

 لەبارەی ئەوەی ماکرۆن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوای چی کردوە؟ وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ماکرۆن وتی، هیوادارە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باش بن، "جەنابی سەرۆک وەزیرانیش نیشانیدا کە پەیوەندییەکان زۆر باشن و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەیە کە هێزە سیاسییەکان کردیان، ئەو هێزانەی حکومەتیان دروستکرد، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێککەوتن و بەرنامەی حکومەتن."

فواد حسێن هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە كۆبونەوەكەی ماكرۆن و سودانی، باسی دوایین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی پاڵپشت بون بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، نەكراوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×