سیروان بارزانی: ئەمریکا بکشێتەوە، عێراق دەبێتە ئەفغانستان
  2023-01-27       759       

بەرپرسی میحوەری گوێر – مەخموری هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان لێدەکات".

 

ئاوێنە: سیروان بارزانی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ناشیۆنال دەڵێت "کشانەوەی ئەمریکا هەر بۆ کورد زیان نییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان زیانی هەیە هێشتا پێشمەرگە پێویستی بە چەك و تەقەمەنی و ڕاهێنانی ئەمریکا هەیە".

دەشڵێت "داعش چاوەڕێی کشانەوەی ئەمریکا دەکات، ئەوان ژمارەیان ٧ هەزار چەکدار دەبێت، هەرکاتێک ئەمریکییەکان کشانەوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی سەر هەڵبدەنەوە".

سیروان بارزانی بە ڕۆژنامەی ناشناڵی راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا دەبێت لە عێراق بمێننەوە، ئەگەرنا وڵاتەکە لەگەڵ کشانەوەیان، داعش دەیکاتە ئەفغانستانێکی دیکە.
سیروان بارزانی دەشڵێت "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بکشێنەوە ئەوە دواتر تێچووی زیاتر و قورستریان دەکەوێتە سەر بەهۆی ئەو دۆخەی لەدوای کشانەوەیان دروستدەبێت".

بەرپرسی میحوەری گوێر – مەخمور دەڵێت"داعش لە عێراق بە حەوت هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت، چاوەڕێی کەمبوونەوەی قەبارەی هێزی ڕۆژئاوا دەکەن، تا خۆیان رێکبخەنەوە".

سەرەڕای فشارەکانی شەڕی ئۆکرانیا، ئاستی هێزی ئێستای ئەمریکا لە دوو هەزار سەربازدا ماوەتەوە کە لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەد، ڕۆژئاوای عێراق، بەغدا و نزیک هەولێر لە جێگیرکراون.

سیروان بارزانی هۆشداری داوە "بەبێ بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆ "هەموو ئەوەی بەدەستمان هێناوە لە مەترسی سەرهەڵدانەوەدایە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "داعش ڕەنگە خاک و توانای هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای لەدەستدابێت، بەڵام حەزی کوشتاری لەدەست نەداوە، ئەوان سەبریان هەیە، پێیانوایە ڕۆژئاوا سەرقاڵبووە و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەکەوێتەوە".

لە عێراق نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە وەک ئەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا کردی و دواتر تاڵیبان کۆنترۆڵی کردەوە.

سیروان بارزانی پێیوایە گومانی کشانەوەی ئەمریکا بووەتەهۆی بوێریی داعش، ئەمەش وایکردووە ئەوان "هێندەی تر متمانەیان بەوە هەبێت کە دەتوانن دووبارە ببنەوە گرووپ لە عێراق و سوریا".

دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا مەیدانی شەڕ لە عێراق چۆڵ بکات، داعش ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە، بەمەش مەترسی ئەوە هەیە عێراق ببێتە ئەفغانستانێکی دیکە.

هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە سوپای ڕۆژئاوا تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە، چونکە "پێویستمان بە هێزی بیانی هەیە"، چونکە "نەهێشتنی داعش پێویستی بە کاتێکی زیاترە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×