پهرلهمانتارێكی پێشوی عێراق لهفراكسیۆنی یهكێتی نیشتمانی كوردستان وردهكاریی ههمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاشكرا دهكاتو دهڵێت، "ھەموار کردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی دژی نەتەوەکەمان بو... پارتیو گۆڕانو یەکگرتو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردو بەشێکی زۆری ئەندامانی یەکێتی بەپێچەوانەی بڕیاری فراکسیۆن [فراكسیۆنی یهكێتی بهشداربو لهههمواری یاساكهدا] بەشداری دانیشتنەکە نەبونو بایکۆتیان کرد".
ئاوێنه: بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیو پهرلهمانتاری پێشوی عێراق لهفراكسیۆنی یهكێتی لەنوسینێكیدا وردهكاریی ههمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاشكرا دهكات ئهمه دهقهكهیهتی:
ھەموار کردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی دژی نەتەوەکەمان بوو
لەم بابەتەم بۆچوونی خۆمە وەکو ئەندام پەرلەمانێکی پێشوی عیراق دوور لە پلەی و ئینتیمای حزبی.
ھیوادارم وەکو خۆی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لە بەرژەوەندی یا لە دژی ھیچ لایەنێک بەکار نەھێنرێت.
زۆر لەسەر بابەتی یاسایی بوون و نەبوونی داگای فیدراڵی وتراو نوسرا.
لێرەدا نامەوێ بچمە ناو وردەکاری روداوەکان.
لەدەستوری عێراق دا سەبارەت بە شێواز و رێژەی دەنگدان چەند دەستەواژەیەک ھاتوون لەوانەش دەستەواژەی زۆرینەو زۆرینەی رەھاو سێ بەشی رێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
ھەموو ئەو مادەو برگانەی کە رەھەندی نشتیمانیان ھەیە دەبێت کۆدەنگی لەسەربێت و بە زۆرینەی ٣/٤ دەنگیان بۆ بدرێت.
یاسای دادگای فیدراڵی یەکێکە لەو یاسایانەی رەھەندی نشتیمانی ھەیە.
دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە پێویستی بە ٢٤٥ ئەندامی پەرلەمانە.
ئەم یاسایە لەخولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران کێشەی زۆری لەسەر بوو بەتایبەتی ٣ مادەی یاساکەو کۆدەنگی و ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی پەرلەمان کۆنەدەبوونەوە، ھەربۆیە ئەم یاسایە بە درێژایی ٣ خولی پێشوتری پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکرا.
بەھۆی کوچی دوایی چەند ئەندامێکی دادگای فیدرالی و خانەنشین بوونی ھەندێکی تریان، رێژەی ئەندامانی ئەم دادگایە کەم بوو بۆوە بەوھۆیەوە لەکارکەوتبوو.
ھەروەھا کێشەکانی شێوازی ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و بوونی حکومەت بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر وای دەخواست ئەم یاسایە لە خولی چوارەمی پەرلەمان دەر بکرێت.
ھەندێک لە کوتلەکان وەک دۆزینەوەی رێگا چارەسەرێکی شەرعی ھەستان بە کارکردن بۆ ھەموارکردنەوەی ئەو یاساکۆنەی کە لە حکومەتەی ئنتیقالی برێمەر دەرچووە بوو.
بە پێی مادەی ٥٩ بۆ ھەموارکردنەوەی یاسا پێویست بە ٣/٤ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناکات و دەکرێت بە زۆرینەی رەھای ئامادەبوانی دانیشتنی پەرلەمان تێبپەرێنرێت.
ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی لە ١٨/٣/٢٠٢١ یاسای دادگای فیدرالی بە ئامادەبوونی ٢٠٤ ئەندام پەرلەمان و بە دەنگی زۆرینەی ئەم ڕێژەیە تێبپەرێت.
بەشێکی زۆرمان لەگەل ئەوەبووین ئەم ھەموارکردنەوەیە دەبێت بە زۆرینەی ٣/٤ بێت. پێمان وابوو لە ئەگەری تێپەراندنی ئەم ھەموارکردنەوەیە بە زۆرینەی رەھا دەرگا بۆ ھەمووارکردنەوەی ھەموو یاسا گرنگ و چارەنوسسازەکانی تردەکاتەوە کە بە ھەمان شێوە تێبپەرێنرێن.
ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدرال ھیچ لە بەرژەوەندی میلەتەکەمان نەبوو وە بگرە لە شێوازی نوسینووەی مادەکانی زۆر دژ بە پێگەی ھەرێمە.
لە ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و گوران و یەکگرتوو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بەشێکی زۆری ئەندامانی یەکێتی بە پێچەوانەی بڕیاری فراکسیون بەژداری دانیشتنەکە نەبوون و بایکۆتیان کرد چونکە لەو بڕوایە بووین لە دژی ھەرێم و پێگەی ھەرێمەو یاسایەکی چارەنوسسازە و چارەنوسی نەوەکانی داھاتووی پێوە وابەستەیە.