به‌بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شه‌ممه 60 تەنکەر نەوتی سپی گه‌یشته هه‌ولێرو سلێمانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم-یش ده‌ڵێت، ناردنی نەوته‌كه‌ی به‌غدا لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە.
ئاوێنه: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان له‌رونکردنەوەیەکدا ڕایگه‌یاندووه، "پاش سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ 28ی کانوونی دووەم، 60 تەنکەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. ناردنی ئەم 2 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێکی سیاسی نەبووە".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه بەبەراورد لەگەڵ زیاتر لە 254 ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم، ئه‌و 60 ته‌نكه‌ره بڕێکی زۆر کەمە.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه جوڵانه‌وه‌ی نەوەی نوێ ده‌ڵێت، له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناردنی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێم دراوه.
سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی-یش ده‌ڵێت، "سێ مانگه خەریکی نەوتی سپی بوین سوپاس بۆ خوا گەشتە هەرێم."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ده‌شڵێت، تا ئێستا زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەنرخی پاڵپشتیکراو لەناوچە شاخاوییەکان دابەشکردووەو ئەم 2 ملیۆن لیترەش بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان‌و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت دابەش دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لەناوچەکانی دەوروبەر.