‎ گۆڕان بۆ سەرجەم كارەكتەرو هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی: با پێكەوە بەخۆداچونەوە بكەین
  2023-02-08       351       

بزوتنەوەی گۆڕان لە بانگەوازێكدا، هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێئەپەڕن، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون و داوا لە هاوڵاتیان و هەمو کارەکتەرو هەڵسوڕاوان و دەنگدەران دەكات، پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەن و بەهەمان گیانی ڕابردو دەستپێبکەنەوە.

ئاوێنە: بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بانگەوازەكەیدا وتویەتی"هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەناو خودی خۆشیاندا."

بەبڕوای بزوتنەوەی گۆڕان "‎ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاکەکەسی جێی بە هەمو ئەوانە لێژکردوە."

بزوتنەوەی گۆڕان لە بانگەوازەكەیدا باسی لە ئەنجامەكانی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردوەو رایگەیاندوە"بە پێی ئامار و پێوەرە زانراوەکان (٧٠%)ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بکەن...‎لەناو ئەم لایەنانەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنین!"

لەبارەی هۆكارەكانی ئەو شكستەیان وتویەتی"هۆکارەکانی ئەم شکستە زۆرن، هۆکاری ناوخۆیی و تاکتیکی بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بو، ئینجا هۆکاری بابەت."

جەختیشی كردۆتەوە "بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بۆ هەستانەوە بەردەوامەو لەسەر پڕۆژەو ئامانجەکانی خۆی سورە، بەو مەرجەی هەمومان بەیەکەوە بمانەوێ خواست و ویستی جەماوەرەکەمان لەبەرچاوبگرین و هەنگاوەکانمان وەڵامگۆی پێداویستیەکانی هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان بێت، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی هۆکارە ناوخۆیی و بابەتییەکانە، دور لە گیانی ڕق و بەرژەوەندی کەسیی؛ بە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەو بەرپرسانە دەتوانین ئەم دۆخە چەقبەستوە تێپەڕێنین."

بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی"داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەرو هەڵسوڕاوان و دەنگدەران بکەین، کە پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەستپێبکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژوییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان -دور لە بەرژەوەندی کەسیی- ئەنجام ئەدەین."

دەقى بانگەوازەکە:

بانگەوازێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

‎وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەناو خودی خۆشیاندا، دامودەزگا فەرمییە‌کان، پەڕلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگاکان، دادگاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و... هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بەدەر بن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاوڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی ڕزگار بکەن.

‎ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاکەکەسی جێی بە هەمو ئەوانە لێژکردوە، هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (٢٠٢١) ئەو راستیییەی دەرخست، چونکە سەرەڕای زۆری لیست و کاندیدی جیاجیا، شێوازی هەڵبژاردنەکە، گۆڕانکاری لە یاساکەدا، بە هەوڵی شیاو و نەشیاوی لیست و کاندیدەکانەوە، کەچی بە پێی ئامار و پێوەرە زانراوەکان (٧٠%)ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، وە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بکەن، ڕاستە هەندێکیان کورسییەکانیان بەهۆی دابەزینی نرخی کورسی زیادی کرد، بەڵام زۆربەیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشووتردا، دەنگەکانیان کەمیکرد.

‎لەناو ئەم لایەنانەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنین! بێگومان هۆکارەکانی ئەم شکستە زۆرن، هۆکاری ناوخۆیی و تاکتیکی بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بو، ئینجا هۆکاری بابەتی، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوین؛ چەند هەنگاوێکمان گرتەبەر و ئۆباڵی شکستەکەشمان گرتەئەستۆ، کە هەر ئەبێ واش بێ، بەشێوەیەک بە قۆناغێکی سەختی ڕێکخراوەیی تێپەڕین و ئومێدمان بۆ سەرکەوتن لە دەستنەدا.

‎لەم سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بۆ هەستانەوە بەردەوامەو لەسەر پڕۆژەو ئامانجەکانی خۆی سورە، بەو مەرجەی هەمومان بەیەکەوە بمانەوێ خواست و ویستی جەماوەرەکەمان لەبەرچاوبگرین و هەنگاوەکانمان وەڵامگۆی پێداویستیەکانی هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان بێت، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی هۆکارە ناوخۆیی و بابەتییەکانە، دور لە گیانی ڕق و بەرژەوەندی کەسیی؛ بە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەو بەرپرسانە دەتوانین ئەم دۆخە چەقبەستوە تێپەڕێنین.

‎لێرەوە بە پێویستی دەزانین، ئەم بانگەوازە رابگەیەنین و داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەرو هەڵسوڕاوان و دەنگدەران بکەین، کە پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەستپێبکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژوییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان -دور لە بەرژەوەندی کەسیی- ئەنجام ئەدەین.

‎بزوتنەوەی گۆڕان

٨ی شوباتی ٢٠٢٣

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×