سەفین دزەیی: تێمێکی 150 کەسی هەرێم بە 60 ئەمبولانسەوە رەوانەی تورکیا کراون
  2023-02-08       382       

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، تیمێكی 150 كەسی هەرێم بە 60 ئەمبوڵانسەوە رەوانەی توركیا كراون و ھەرچییەک لە تواناماندا بێت، بۆ یارمەتیدانی تورکیا ئەنجامی دەدەین. دەشڵێت: "نیازمان ھەیە ھاوکاری بۆ ناوچەی عەفرین-یش بنێرین"

ئاوێنە: سەفین دزەیی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم، ژمارەیەک تیمی ھاوکاریی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بومەلەزرەکانی تورکیا ناردوە.

وتیشی، "لەئێستادا، تیمێک کە لە 150 کەس پێکھاتوە لە ئیسلاحییەن، ئەوان بەدوای قوربانییان دەگەڕێن و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش دەکەن، ھەروەھا تیمی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەوێش ھاوکاری مرۆیی پێشکەش دەکات".

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەیشدا کە 35 ئەمبولانسی دیکە لە تیمی فریاگوزارییدا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا کە بە ھۆی بومەلەزرەکانەوە زیانیان بەرکەوتوە نێردراون، بە کۆی گشتیی تا ئێستا 55 تا 60 ئەمبولانس بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا نێردراون.

سەفین دزەیی رایگەیاند، تیمی ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی پێویست لە تورکیا دەمێننەوە و وتی"لەئێستادا لە ھەمو جیھانەوە ھاوکاری بۆ تورکیا دێت، بێگومان ئێمە لەڕوی جوگرافییەوە نزیکترینین، بۆیە تیمەکانمان یەکەمین بون کە گەیشتنە ئەو ناوچانەی تورکیا، ئێمە ئامادەین بۆ ھەر ھاوکاریەکی دیکە کە لە تواناماندا بێت، ئەمە پرسێکی مرۆییە".

وتیشی: "لە ھەمان کاتدا، ئێمە نیازمان ھەیە ھاوکاری بۆ ناوچەی عەفرین-یش بنێرین، بەھیوای ئەوەی بتوانین یارمەتییەکان لەڕێگای تورکیاوە بگەیەنین ئەگەر رەوشەکە گونجاوبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×