سۆران عومەر: ساڵی 2022 حکومەتی هەرێم لەفرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت 51 دۆلاری بەناوی خەرجیەوە ڕۆشتوە
  2023-02-17       352       


سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ساڵی 2022 حکومەتی هەرێم لەفرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت 36 دۆلاری بۆ ماوەتەوە، 51 دۆلاری بەناوی خەرجیەوە ڕۆشتوە، لەکاتێکدا عێراق بەرمیلێک نەوتی بەتێکڕا بە 95 دۆلار و 536 سەنت فرۆشتوە، هەر لەبەرئەمەش دەوترێت نەوتی هەرێم بەتاڵان دەبرێت.

ئاوێنه‌: سۆران عومەر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە لەڕێی حکومەتی هەرێمەوە وردبینی نەوتی هەرێم دەکات، ڕێکخراوی ڕونبین بۆ شەفافیەت لەپرسەکانی نەوت شیکاری بۆ ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کردوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەساڵی 2022 دا  158 ملیۆن و 310 هەزارو 151 بەرمیل بوە، داهاتی گشتیەکەی 12 ملیارو 422 ملیۆن و 260 هەزار و 894 دۆلار بوە".

دەشڵێت، "لەکۆی ئەو داهاتە تەنها پێنج ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87 دۆلاری بۆ داهاتی گشتی ماوەتەوە و رادەستی وەزارەتی دارایی کردوە، شەش ملیارو 712 ملیۆن و 934 هەزار و 556 هەزار و 807 دۆلاری بەناوی خەرجیەوە ڕۆیشتوە".

سۆران عومەر ئەوەشی ئاشکراکردوە، "تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لەبازاڕەکانی جیهان لەساڵی 2022 دا 100 دۆلار و 743 سەنت بوە، کۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆ، ساڵی 2022 بەتێکڕا نەوتی عێراقی بە 95 دۆلار و 536 سەنت فرۆشتوە، بەڵام  هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە 87 دۆلارو 915 سەنت فرۆشتوە، واتە تێکڕا بە 12 دۆلار و 828 سەنت کەمتر لەبرێنت نەوتی فرۆشتوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە فرۆشی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک 36 دۆلار و 66 سەنتی بۆ ماوەتەوە، 51 دۆلار و 849 سەنتی بۆ مەسرەف ڕۆشتوە، ئەمەیە کە دەوترێت نەوتی هەرێم بەتاڵان دەبرێت".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×