"حکومەتی‌ هه‌رێم خەمساردە لەکەیسی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجە"
  2023-02-18       386       


ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ "خه‌مسارد" وه‌سف ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر کەیسی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجەو ده‌ڵێت، "دەبوو حکومەت لەبری ڕێکخراوەکان کاری دۆزینەوەی مناڵە ونبوەکان لەئەستۆبگرێت تا ڕوداوی نەخوازراوی ڕۆژانی پێشوو دوبارەنەبێتەوە کە کوڕو باوکێک نەتوانن بڕیار لەچارەنوس‌و نەسەبی خۆیان بدەن دوای 35 ساڵ لەکارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە!".

ئاوێنه‌: سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "هەر لەسەرەتای کاری فراکسیۆنی یەکگرتووەوە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستمانکرد بەکۆکردنەوەی واژۆی پێویست بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەیاسایەکی تایبەت بەکەیسی مناڵەوونبووەکان بەناوی (پێشنیازە یاسای مناڵە وونبوەکان لەکۆچە بەکۆمەڵەکان)، وەپاش کۆکردنەوەی واژۆی پێویست ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمانکرد بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکان تا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆبکرێت و پاش دەنگدان لەسەری ببێتە یاساو چارەسەری گرفتی مناڵە وونبووەکانی هەڵەبجەو کۆڕەوەکەی 1991و کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی ساڵی 2014 و هەر ڕووداوێکی هاوشێوەی تربکات کە لەهەرێمی کوردستان ڕوویانداوە".

ده‌شڵێت، "ئێمە لەساڵی 2019 وە چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمان بووین هەرنەبوو،دواتر ئاگادارکراینەوە کە پێشنیازە یاساکە بەهۆی ڕەهەندی داراییەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی ،بەڵام بەداخەوە ئەنجومەنی وەزیران لەڕێی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان سەرۆکایەتی پەرلەمانیان ئاگادارکردەوە بەڕەتکردنەوەی پێشنیازەیاساکە!! بە هۆکاری نەبوونی بۆشایی یاسایی و بارگرانی دارایی!".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "بەڕای ئێمە بۆشایی یاسایمان هەبوو بۆیە ئەو پێشنیازەمان پێشکەشکرد، وەهیچ یاسایەکی تێروتەسەلمان نییە لەهەرێم باس لەچۆنیەتی دۆزینەوەو مافی مناڵە دۆزراوەکان و وونبوەکان  و ئەرکی حکومەت بکات لەبارەیانەوە".

راشیگه‌یاندووه‌، "ڕەتکردنەوەکە بەبڕوای ئێمە خۆلادان بوو لەبەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بەو کەیسەو بارگرانی دارایی لەسەری،کە نەدەبوو حکومەت کارڕایی دۆزینەوەی مناڵە وونبوەکان بە بارگرانی دارایی لەقەڵەم بدات! دەبوو حکومەت لەبری ڕێکخراوەکان  کاری دۆزینەوەی مناڵە وونبوەکان لەئەستۆبگرێت تا ڕوداوی نەخوازراوی ڕۆژانی پێشوو دووبارەنەبێتەوە کە کوڕوباوکێک نەتوانن بڕیار لەچارەنوسو نەسەبی خۆیان بدەن دوای 35 ساڵ لەکارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە!".

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ده‌نوسێت، "دیسان دەیڵێمەوە حکومەتی هەرێم لەکەیسی مناڵە وونبووەکانی هەڵەبجە خەمساردو کەمتەرخەمە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×