عێراق و تورکیا له‌ڕوی هەواڵگرییه‌وه‌ هاوكاریەکانیان زیاتر ده‌كه‌ن
  2023-03-03       327       


وەزیری بەرگری عێراق و هاکان فیدان، راوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کاروباری هەواڵگری ئه‌مڕۆ هه‌ینی كۆبونه‌وه‌ و باسیان له‌ زیادكردنی هاوکاری هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوانیان كرد.

ئاوێنه‌: نوسینگەی وەزیری بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند، سابت محه‌مه‌د العباسی،  وەزیری بەرگری ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌گه‌ڵ هاکان فیدان  ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کاروباری هەواڵگری کۆبوەتەوە و باسیان لە ڕێگاکانی هاوکاری هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا کردوه‌، بەتایبەتی لە لایەنی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری.

لایخۆیەوە هاکان فیدان ستایشی "هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزه‌كانی مانگی ڕابردو تورکیای زیانیان بەرکەوتوه‌".

ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کاروباری هەواڵگری سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵا كۆبوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا له‌نێو خاكی هه‌رێمی كوردستاندا به‌بیانوی بونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌).

هاكان فیدان جگه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق له‌میانی سه‌ردانه‌كانیدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی سوننه‌ كۆبوه‌ته‌وه‌، لەکۆبونەوکەدا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) جەختی لەسەر بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی دژی پەکەکە لە عێراق کردوەتەوە، داواشی لە بەرپرسانی عێراق کردوە لەم بوارەدا هاوکاری زیاتری ئەنقەرە بکەن.

سوپای تورکیا بەشێوەیەکی رۆژانە لەرێگەی درۆنەوە هێرش دەکاتەسەر ئامانجەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بەرگریی عێراقیش لەدوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، تورکیا بە قوڵایی 105 کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکی عێراقەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×