عێراق هەمواری سیستمی موچە دەكات؛ موچەی پلە نزمەكان بەڕێژەی لەسەدا 150 زیاد دەكرێت
  2023-03-13       845       

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سیستمی موچە هەموار دەكرێت و موچەی فەرمانبەرانی پلە نزمەكان بەڕێژەی لەسەدا 150 زیاد دەكرێت و بەپێی هەموارە نوێیەكە دەرماڵەی لەسەدا 50 دەدرێتە سەرجەم فەرمانبەران.

ئاوێنە: عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی وت، سەرقاڵی هەنگاوەكانی هەمواری پلەبەندیی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتین و هەنگاوەكانیش بەشێوەیەك دەبن كە دادپەروەری بچەسپێنن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پلەبەندیی نوێی موچەی فەرمابنەران لە ئێستادا خراوەتە بەردەم لیژنەیەكی پسپۆڕ بۆ ئەوەی دوا بۆچونی لەسەر بدەن و پاش ئەوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ پەسەندكردنی.

عەتوان عەتوانی وتوشیەتی، موچەی پلە نزمەكان بەپێی پلەبەندییە نوێیەكە بەڕێژەی لەسەدا 150 زیاد دەكرێت، بەشێوەیەك كە نزمترین موچەی بنەڕەتی كە پلەی 10یە، 425 هەزار دینار دەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی هەموارە نوێیەكە، دەرماڵەیەك بۆ باشكردنی گوزارەن بەڕێژەی لەسەدا 50 دەدرێت بە سەرجەم فەرمانبەران.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×