ئەردۆغان: بەشە ئاوی عێراق بۆ ماوەی مانگێك لە روباری دیجلە زیاد دەكەین
  2023-03-21       706       

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەشە ئاوی عێراق لە روباری دیجلە بۆ ماوەی مانگێک زیاددەكەن، دەشڵێت، دەست دەكەن بە پڕۆژەی رێگای ئاسنین لە بەسرەوە بۆ توركیاو داواش لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەكات "پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن."

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە، لەدوای كۆبونەوەی وەفدی هەردو وڵات لە ئەنقەرە،  كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازدا.

ئەردۆغان لە كۆنگرەكەدا وتی، لەگەڵ سودانی تاوتوێی هەمو رەهەندەکانی پەیوەندییەکانیان کردوەو تیشکیان خستوەتە سەر پرۆژەی (رێڕەوی گەشەپێدان)، کە رێگەیەکی وشکانی و هێڵی ئاسنینە لە بەسرەوە تاوەکو تورکیا.

جەختی لەوەکردەوە کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردوە بۆ دەستکردن بەجێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و وتی: "ئەم پرۆژەیە هاوشێوەی رێگەی ئاوریشمی نوێ دەبێت و بەهۆیەوە ملیۆنان کەس لە هەردو وڵات سودمەند دەبن."

 سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی"چاوەڕوانی ئێمە لە برایانی عێراقی ئەوەیە کە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن."

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، ئەردۆغان وتی"پرسی ئاو بە ناکۆکی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەهەماهەنگی و لێکتێگەیشتن دەبێت. درک بە پێویستی زۆری عێراقییەکان دەکەین بە ئاو، سەرباری ئەمەش تورکیا بەدەست کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا دەناڵێنێت و بەراورد بە 62 ساڵی رابردو، کەمترین ئاستی ئاوی بەردەستە. بۆ نەهێشتنی تەنگەژەکانی عێراق بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی کە لە روباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەین."

 لەبارەی پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان، ئەردۆغان وتی"پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 24 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی شکاند. دەتوانین ئەم قەبارەیە زۆر لەمە زیاتر فراوان بکەین. بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سنوردارکردن و ئاستەنگانەی بەردەممان هەن هەڵبوەشێندرێنەوە."

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سودانی وتی"پێداگریمان لە پەیوەندییە ئابورییەکان کردەوە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی باشی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانمانەوە هەبێت بەتایبەتی لە روانگەی سیاسیی و ئابوریشەوە. "

لەبارەی هێڵی گەشەپێدانیشەوە، سودانی رایگەیاند، پڕۆژەیەكی ستراتیژییە "نەک تەنیا بۆ عێراق و تورکیا، بگرە بۆ ناوچەکە و هەمو جیهان. ئەم پرۆژەیە رۆژئاوا بە رۆژهەڵات گرێ دەدات بەتایبەتی لە پرسی گواستنەوەی وزەو کاڵاکان."

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە کردوە هەمو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لە پێدانی ڤیزای عێراق بە هاوڵاتییانی تورکیا بەگشتیی و ڤیزای بەپەلە و خێرا بۆ پیاوانی کار و وەربەرهێنانی تورکیا.

لەبارەی پرسی پەكەكەشەوە وتی"بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر خاکی تورکیا و بۆ ئەمەش عێراق پابەندی هەمو جۆرە بەڵێنێک و رێککەوتنێکە داویەتی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×