سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی ئاوی باران بەنیازن چەند بەنداوێك دروست بکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی بێ بارانی بۆ کشتوکاڵ سودی لێببینن.
ئاوێنە: د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: چەند هەنگاوێک گیراوەتەبەر بۆ چارەسەری کەمئاوی و بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان دەکەین.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت: ئومێدمان هەیە کە بتوانین دەست بەکارکردن بکەین لە نزیکترین کاتدا بەتایبەت جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ئیتر کشتوکاڵی بن یاخود ئاو خواردنەوە بۆ کەمکردنەوەی بەهەدەردانی ئاو و سود لێوەرگرتنی.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو هەنگاوانە سەرجەمیان تاوتوێ کراون بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و سود لێوەرگرتنی بۆ کشوکاڵ و کاروباری ڕۆژانە.