مەلا بەختیار: لەدوای بڕیارەكەی پاریسەوە، هەرێم نە بێ كارتی ئابوری و سیاسییە، نە بێ پشتیوانیشە
  2023-03-28       1274       

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی پێی وایە، ئەگەر ئەقڵیەتێكی شۆڤێنی و تایفەگەری لە بەغدا باڵادەست بێ و بیەوێت بڕیارەكەی دادگای پاریس بۆ كۆنەقین بقۆزێتەوە، ئەوا دەتوانن پەرتەوازەیی لەنێو هێزە كوردستانییەكاندا قوڵتر بكەن و لە كوردستان بیقەومێنن. دەشڵێت، گورزی دادگای پاریس بەر كۆی ئەزمونی هەرێم دەكەوێ‌." لەگەڵ ئەوەش پێی وایە "لەدوای بڕیاری پاریسەوە، هەرێم، نە بێ كارتی ئابوری‌و سیاسییە، نە بێ‌ئەزمونە، نە هەرێمێكی دابڕاوی بێ‌ پشتیوانیشە."

ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ سێشەممە، لە وتارێكدا لەبارەی بڕیاری دادگای ناوبژێونی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان وتویەتی، لە دوای بڕیارەكە "وەكو رەشەبای ناوەخت، خەریكە، گەڵای سیاسی، وەكو گەڵاڕێزان، لەسەر شەقامی سیاسی كوردستان، كەڵەكە دەكات. هەر لایەك، بە دابڕاوی لە لایەنەكانی دیكە، بڕیارو بەرنامەی لەسەر هەڵدەچنێ‌."

مەلا بەختیار پێی وایە، ئەم بڕیارە، حكومەتی هەرێم ناچار دەكات، بە دو قۆناغ، كیشەكانی لەگەڵ بەغدا، چارەسە بكات، "قۆناغی پێش پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و گاز، هەرێم دەبێ‌ كێشەی موچە لەگەڵ بەغداد، یەكلایی بكاتەوەو دڵنیایی سەبارەت بە موچەو بودجە، هەندێك لە پێویستیەكانی پارێزگاكان، هێزی چەكدارو هەندێك پرۆژەی نیشتمانی وەربگرێ‌." و قۆناغی دوەمیش "دوای پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و گاز، ئیتر بۆ هەمێشە كێشەی چۆنیەتی هەناردەی نەوت‌و داهاتەكەی‌و ئەرك‌و مافەكانی ئەم پرسە، كۆتایی پێدێ‌."

بەبڕوای مەلا بەختیار "حكومەتی هەرێم، كارێكی چاك دەكات، بە ئارامیی لەتەك ئەم كێشەیەدا، هەنگاو هەڵدێنێ‌."

هەروەها پێشی وایە "حكومەتی هەرێم 31 ساڵە، ئەزمونی حوكمڕانی هەیەو چەندین قۆناغی لەگەڵ بەغدا تاقیكردۆتەوە. لە كێشەی نەوت‌و گاز، باقی سێكتەرە ئابوریەكانیش، باش شارەزایە. بۆیە، دڵنیاین، لەدوای بڕیاری پاریسەوە، هەرێم، نە بێ كارتی ئابوری‌و سیاسییە، نە بێ‌ئەزمونە، نە هەرێمێكی دابڕاوی بێ‌ پشتیوانیشە."

مەلا بەختیار سەبارەت بە فیدباكی "بێباكی هەندێك پەرلەمانتارو لایەنی سیاسی‌و نوسەر، لەدوای بڕیارەكەی پاریس." وتویەتی"بەندە، لەناخەوە پێمناخۆشە ئەو فیدباكانە لەناو نەتەوەكەم لەم كاتی تەنگژەیەدا دەبیستم. بەڵام حكومەتی هەرێم، بە یەكێتی‌و پارتیەوە، (كەمێكیش گۆڕان) دەبێ‌ لەگەڵ ئەم فیباكەش، بەئارامی هەڵسوكەوت بكەن. چونكە بەشێكی زۆری ئەو فیدباكە، حكومەتەكانی هەرێم (نەك تەنها كابینەی نۆیەم) ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن."

هەروەها وتوشیەتی"ئەوەی جێی داخە، بڕیارەكانی دادگای پاریس، لەكاتێكدا دراون، كە هێزە كوردستانیەكان، لێكترازاون؛ ئەوەی سەیرەو سەمەرەشە.. لایەنە كوردستانییەكان وا بزانن، ئەم بڕیارانەی پاریس، تەنها لایەنێك، یان دو لایەن، جەزرەبەیان بەردەكەوێ‌. ئەم خوێندنەوەیە ساكارو سەرپێییە. گورزی دادگای پاریس بەر كۆی ئەزمونی هەرێم دەكەوێ‌."

هەروەها وتوشیەتی"ئەگەر بێتو ئەقڵیەتێكی شۆڤێنی-تایفەگەری، لە بەغدا، بیەوێ‌ دادگای پاریس، بۆ كۆنەقین بقۆزێتەوەو عێراق بەرەو سیستەمێكی مەركەزی بگێڕێتەوە، ئەگەر ئەقڵیەتی سیاسی ئاوا، لەم دۆخەدا لە بەغدا باڵادەست بێ‌، بێگومان دەتوانن پەرتەوازەیی هێزە كوردستانییەكان قوڵتر بكەن‌و لەكوردستاندا، بیقەومێنن. بۆیە، لەم دۆخەدا دەبێ‌ دژی هەمو پیلانێك‌و هەوو ئەگەرێك، وریا بین. یەكڕیزی ماڵی كوردیش دەستەبەرەو بەس."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×