كۆمپانیایەكی دیكەى نەوتى كارەكانی لە هەرێمی كوردستان ڕاگرت
  2023-03-31       724       

كۆمپانیای نەوتی گۆڵف كی ستۆنی كەندی، كە لە كێلگە نەوتییەكانی شێخان كاری دەكرد، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ڕاگرت، ئەمەش دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دێت.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی  بلومبێرگ بڵاویکردەوە کۆمپانیای گۆڵف کی ستۆن ئێوارەی ئەمڕۆ کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان ڕادەگرێت دەشڵێت، ڕۆژانە نەوت لە عێراقەوە بە هۆی بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە 400هەزار بەرمیل کەمتر بەرهەمدێت.

هاوکات كۆمپانیای نەوتی گەڵف كی ستۆنی كەندی لە ڕاگەیاندراویكدا بڵاویكردوەتەوە، بەتەواوی كاركردنمان لە كێڵگەكانی شێخان وەستاندووە، بەڵام كارەكان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی، كە ماوەتەوە بۆ عەمباركردن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەردەوامی چاوەڕوانییەكان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایكردووە، حكومەتی ئەمریكا داوا لە بەغدا و هەولێر بكات، بە زووترین كات ئەو ناكۆكییە هەڵپەسێردراوانەی لەسەر هەناردەكردنی نەوت هەیانە چارەسەرى بكەن.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دادگای نێوبژیوانی ژوری بازرگانی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە بۆری لە بەندەری تورکیاوە بە نایاسای ناوبرد و عێراق توانی کەیسەکە بباتەوە.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریسیش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جیهانی تورکی ڕاگرتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×