سودانی 57 بەڕێوەبەری گشتی لە پۆستەكانیان دوردەخاتەوە
  2023-05-02       356       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق 57 بەڕێوەبەری گشتی لە پۆستەكانیان دورخستنەوە كە بەشێكیان بەشێوەی بەوەكالەت ئەو پۆستانەیان بەڕێوەدەبرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیادراوە بە دوخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی كە لە راسپاردەكانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنییان بەدەست نەهێناوە.

هەرچەندە راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران باسی لە ژمارەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە نەكردوە كە دورخراونەتەوە، بەڵام ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی حكومییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی لە پۆستەكانیان دورخراونەتەوە ژمارەیان 57 بەڕێوەبەری گشتییە كە بەشێكیان بەوەكالەت ئەو پۆستانەیان بەڕێوەبردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە پابەندبونی حكومەتە بە جێبەجێكردنی "چاكسازی ئیداری" لەچوارچێوەی ئەولەویاتەكانیدا.

پێشتر سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابو بە پاش تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر حكومەتەكەیدا، هەڵسەنگاندن بۆ بەرپرسە باڵاكان بكرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری مانەوە یان دورخستنەوەیان بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×