سودانی: دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلەو فوڕات پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە
  2023-05-06       199       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە كێشەی دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەكانی دیجلەو فوڕات پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە وتارێکدا كە لە کۆنگرەی سێیەمی نێودەوڵەتیی ئاو  لە بەغدا پێشكەشی كرد، رایگەیاند، "ئاو بوەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەمو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشوەوە لای هاوڵاتییان نەزانرا".

 سەرۆک وەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد وگوتی، "حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەروی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بوەستین".

سودانی وتیشی، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە حکومەتەکەی بۆ پلانی کشتوکاڵی پیادەی دەکات بریتییە لە بەکارهێنانی رێگە نوێیەکانی ئاودێری و رایگەیاند، حکومەت سودی لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو وەرگرتوەو کاری لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئاو کردوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریدا و وتی، "کەمئاوی هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانییەتی عێراق؛ دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییە. هەوڵەکانمان چڕکردونەتەوە بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکان یان کەمکردنەوەیان بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش بۆ نەوەکانمان بڕەخسێنین".

 سودانی راشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جەخت لەسەر زمانی بنیادنەرانەو بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و گەرەنتیکردنی بەشی یەکسان و دادوەرانە لەو پشکە دەکاتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×